پەیکی حکومەتی هەرێم لە ئێران رایگەیاند، لایەنە کوردییەکان چەند مانگێک لەمەوبەر چاویان بە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئێران کەوتووە و پێی راگەیاندوون، ئێران دژی دانانی دەستورێك بۆ هەرێم نییە ئەگەر پێچەوانەی دەستوری عێراق نەبێت.
نازم دەباغ پەیکی حکومەتی هەرێم لە ئێران بە دەنگی ئەمریکای رایگەیاندووە، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئێران، چەند مانگێک لەمەوبەر کە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری بووە شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی هوشیار زێباری لە بەغدا بینیوە و ئاماژەی بەوەداوە، ئاگاداری سەرجەم کێشە و ناکۆکیەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، پەیوەندی نێوان کورد و ئێران لەمێژینەیە و مێژویەکیان هەیە لەبەرئەوە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق کار لەسەر سیاسەتی وڵاتەی بەرامبەر هەرێم و عێراق ناکات.
بەوتەی نازم دەباغ، "ئیبراهیم رەئیسی گلەیشی لە حکومەتی هەرێم کردووە لەبارەی داڵدەدانی ئەو کەسانەی لەلایەن دادگای ئێرانەوە بۆ هەرێم هەڵدێن و داوای هاوکاری و هەماهەنگی لێکردون."
لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکەوە ئاشکراشیکردووە، کە ئێران پێی وایە نابێت سنوری هیچ وڵاتێک ببەزێنرێت و کەوتووەتەسەر هەرێمیش چەند رێگا بە هاتنەناوەوەی سوپای تورکیا بدات و پێویستە خاکی هەرێمیش بۆ هێرشکردنەسەر وڵاتانی دراوسێ بەکارنەیەت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران بەڕێوەچوو و ئەمڕۆ ئەنجامەکان راگەیەنرا و تیایدا ئیبراهیم رەئیسی بە زۆرینەی دەنگ وەکو سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران هەڵبژێرا و دۆسییەکانی گێڕانەوەی متمانە بۆ حکومەت و باشترکردنی گوزەرانی خەڵک و چەکی ئەتۆمی و پەتای کۆرۆنا بە ئاڵانگارییەکانی بەردەم سەرۆکی نوێی ئێران دادەنرێن.