سەردێڕ:

دوای کەمپینێکی ئێن ئاڕ تی؛ وەزیری تەندروستی لەسەر نەخۆشخانەی هیوا قسەی نوێ دەکات

فۆتۆ: 
2021-06-19

2811 جار خوێندراوەتەوە

سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی رابروودا حکومەتی هەرێم پارەی بۆ نەخۆشخانەی هیوا نەدەنارد، بەڵام لە ئێستادا وەزیری تەندروستی دەڵێت، ئەرکی حکومەتە بەردەوامی بدات بە هاوکارییەکانی نەخۆشخانەکە.


سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێم لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسی لە نەخۆشخانەی هیوادا رایگەیاند، "پڕوپاگەندەکانی تایبەت بە داخستن و دانی نەخۆشخانەی هیوا بە کەرتی تایبەت و جوڵاندنی هەستی کەسوکاری نەخۆشەکان لێکەوتەی باشی لێناکەوێتەوە"، دەشڵێت، "ئەرکی وەزارەتی تەندروستی و حکومەتی هەرێمی کوردستانە بەردەوامی بدات بە هاوکاریەکانی ئەو نەخۆشخانەیە."

باسی لەوەشکرد، "ساڵانە نزیکەی ٦٠ بۆ ٧٠ ملیار دینار تەنیا بۆ خزمەتگوزاریەکانی دەرمان و ئامێری پزیشکی و پێداویستی تاقیگە دابیندەکرێت و لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا بڕە پارەکە نزیکەی ٢٩ ملیار دینارە."

ئەمشەو، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، "نابێت هیچ کەمتەرخەمی و پاشەکشەیەک لەو خزمەتگوزارییە تەندروستییانەدا بکرێت، کە پێشکەشی نەخۆشانی شێرپەنجە دەکرێت."

ئەم وتانەی سەرۆکی حکومەت لەکاتێکدابوو، کە حکومەتی هەرێم خۆی ماوەیەکی زۆرە پارەی بۆ نەخۆشخانەکە نەناردووە و نەخۆشخانەکەی پشتگوێ خستووە.

بەهۆی نەبوونى پارە و دەرمانى پێویست، دۆخی نەخۆشخانەى هیوا لە ئێستادا بەرەو خراپی دەچێت، هەفتەى رابردووش بەشێک لە پزیشکان و کارمەندانى نەخۆشخانەکە بەهۆی وەرنەگرتنی شایستە داراییەکانیانەوە کارەکانیان راگرت.

پێشتریش، سەباح هەورامی بەڕێوەبەری تەندروستى سلێمانى رایگەیاندبوو، ماوەى شەش مانگە حکومەتى هەرێم شایستە داراییەکان و هاوکارییەکانى بۆ نەخۆشخانەى هیوا راگرتووە.

لە ئێستاشدا، کەناڵی ئێن ئاڕ تى کەمپینێکی بەناوی "هەفتەى کۆکردنەوەى کۆمەک بۆ نەخۆشخانەى هیوا" راگەیاندووە، کە تیایدا هاوکاری بۆ نەخۆشخانەکە و توشبووانى شێرپەنجە کۆدەکاتەوە.

بەرپرسانى کەناڵی ئێن ئاڕ تی رایانگەیاند، کەمپەینەکە ماوەى هەفتەیەک بەردەوام دەبێت و کۆمەک و هاوکاری بۆ نەخۆشاخانەى هیوا کۆدەکاتە کە تایبەتە بە چارەسەرکردنى توشبووانى شێرپەنجە، ئاماژەیان بەوەشکرد، چەندین کەسایەتی جیاواز لە کەمپینەکەدا بەشداردەبن.