سەردێڕ:

پەرلەمانتارێکی عێراق: سوپای تورکیا دەیەوێت دانیشتوانی ھەرێم بترسێنێت

فۆتۆ: 
2021-06-19

5151 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی بەدر رایگەیاند، دەبێت حکومەتی عێراق بێدەنگییەکەی سەبارەت بە لەشکریەکانی تورکیاوە بشکێنێت، کە لە نێو خاکی ھەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدات، دەشڵێت، "سوپای تورکیا دەیەوێت دانیشتوانی ھەرێم بترسێنێت."


محەمەد شەبەکی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی بەدر رایگەیاند، "سوپای تورکیا دۆخی عێراق و شەڕی دژ بە داعش بە دەرفەت زانیوە بۆ ئەوەی دەستدرێژی زیاتر بۆ نێو خاکی عێراق بکات و بێدەنگبونی حکومەتی عێراق لەسەر ئەم پرسە وادەکات تورکیا زیاتر پێشڕەوی بکات و ناوچەی نوێ داگیر بکات."

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت، "مەبەستی پێشڕەوییەکانی تورکیا بۆ نێو خاکی ھەرێم و عێراق ئەوەیە، کە دەیەوێت ھاوڵاتیانی ئەو ناوچەیە زیاتر بترسێنێت بۆ ئەوەی ناوچەیەکی زیاتر داگیر بکات."

محەمەد شەبەکی راشیگەیاندووە، "دەبێت بە زووترین کات رێگری لە پێشڕەوییەکانی سوپای تورکیا بگیرێت و پارێزگاری لە سەروەری و خاکی عێراق بکرێت."

ئەوەش لەکاتێکدایە، چەند مانگێکە تورکیا دەستی بە ئۆپراسیۆنەکانی کردووەتەوە لە ھەرێمی کوردستان و لەگەڵ پەکەکەدا چەندینجار روبەڕوی یەکتری بوونەتەوە، کە بەوھۆیەوە چەندین کەس کوژراون و برینداربوون و زیان بە چەندین ھاوڵاتی ناوچە سنورییەکان گەیشتووە.

بەگوێرەی وتەی وەزارەتی پێشمەرگە، رۆژی ٥ی ئەم مانگە، لە سنوری چیای مەتینای پەکەکە ھێرشیانکردووەتە سەر ژمارەیەک پێشمەرگە و بەوھۆیەشەوە، پێنج پیشمەرگە شەھیدبوون و حەوتی دیکەش برینداربوون.

٨ی ئەم مانگەش، وەزارەتی پێشمەرگە وتی، لە ناحیەی دەرکاری سەر بە قەزای زاخۆ بە چەکی قەناس پێشمەرگەیەک شەھیدکراوە و پەکەکەش ئەنجامدەری ھێرشەکەیە.

بەڵام چەند بەرپرسێکی پەکەکە ئەوەیان رەتکردەوە و بێئاگایی خۆیان لە ھەردوو رووداوەکە راگەیاند و باسیان لەوەکرد، ئەوان تەنھا لەگەڵ حکومەتی تورکیا شەڕدەکەن.