بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر رایگەیاند، جموجۆڵی گەشتیاری و هاتوچۆ لە فڕۆکەخانەی هەولێر زیادیکردووە، دەشڵێت، "ئەگەر وڵاتانی ئەوروپا ڤیزا بدەن ئەوا بە شێوەیەکی بەرچاو جموجۆڵی گەشتیاری زیاد دەکات."
ئەحمەد هۆشیار بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە، "سەرەڕای بوونی کۆرۆنا جموموڵی هاتوچۆ و گەشتیاری لە فڕۆکەخانەی هەولێر زیادیکردووە"، دەشڵێت، "هەتا وڵاتان دەرگاکانیان واڵاتر بکەن جموجۆڵی گەشتیاری و هاتوچۆکردن زیاتر دەبێت، چونکە پەیوەندییان لەگەڵ هەموو وڵاتان هەیە وەک تورکیا و وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی ئەوروپا."
ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان لە چاوەڕوانی ئەوەدان کە کارئاسانی زیاتر بکرێت بە مەبەستی ئەوەی جموجۆڵی گەشتیاری و هاتوچۆکردن زیاتربێت و ئەگەر بێت و وڵاتانی ئەوروپا ڤیزای گەشتیاری بدەنە گەشتیاران ئەوا جموجۆڵەکە زیاتر دەبێت چونکە تا ئێستادا ڤیزای گەشتیاری دەستی پێنەکردووەتەوە و چاوەڕوانی ئەوە دەکەن لە داهاتوویەکی نزیکدا دەستپێبکاتەوە.
لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩وە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هاتوچۆی نێوان زۆربەی وڵاتان وەستا کە ئەوەش کاریگەری کردە سەر ژیانی هاوڵاتیان، بەڵام دواتر و پاش دروستکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا هاتوچۆی نێوان وڵاتانیش ئاسایی بوویەوە.
شـ. فـ
ئـ. بـ