بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا رایگەیاند، بەهۆی هەڵمەتی "هەفتەى کۆکردنەوەى کۆمەک بۆ نەخۆشخانەى هیوا"، کە کەناڵی ئێن ئاڕ تی هەڵمەتەکەی رێکخستووە، لە ئێستادا پارەیەکی زۆر وەک هاوکاری چووە بۆ نەخۆشخانەی هیوا.
یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا ئاماژەى بەوەشکرد، شەش مانگە پزیشک و کارمەندانى نەخۆشخانەى هیوا دەرماڵەیان وەرنەگرتووە و "ئەگەر کارمەند موچە وەرنەگرێت چۆن دەتوانین لێپرسینەوەی لەگەڵ بکەین؟"
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لە رابردوودا داهاتی جگەر و مەشروب و هاتوچۆ دەهاتە سندوقی شێرپەنجە، بەڵام لە ئێستادا ئەو داهاتانە بە رێژەیەکی کەمتر دەخرێتە سندوقی شێرپەنجەوە."
یاد نەقشبەندی راشیگەیاندووە، دەرمان بە رێژەیەک کەمیکردووە کە توشبووانی شێرپەنجەی خستووەتە حاڵەتی مەترسییەوە، بەڵام لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەوە کێشەی دەرمان لە نەخۆشخانەی هیوا چارەسەر دەبێت.
دوێنێش، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم دوای کەمپینەکەی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، "نابێت هیچ کەمتەرخەمی و پاشەکشەیەک لەو خزمەتگوزارییە تەندروستییانەدا بکرێت، کە پێشکەشی نەخۆشانی شێرپەنجە دەکرێت."
ئەم وتانەی سەرۆکی حکومەت لەکاتێکدابوو، کە حکومەتی هەرێم خۆی ماوەیەکی زۆرە پارەی بۆ نەخۆشخانەکە نەناردووە و نەخۆشخانەکەی پشتگوێ خستووە.
بەهۆی نەبوونى پارە و دەرمانى پێویست، دۆخی نەخۆشخانەى هیوا لە ئێستادا بەرەو خراپی دەچێت، هەفتەى رابردووش بەشێک لە پزیشکان و کارمەندانى نەخۆشخانەکە بەهۆی وەرنەگرتنی شایستە داراییەکانیانەوە کارەکانیان راگرت.
پێشتریش، سەباح هەورامی بەڕێوەبەری تەندروستى سلێمانى رایگەیاندبوو، ماوەى شەش مانگە حکومەتى هەرێم شایستە داراییەکان و هاوکارییەکانى بۆ نەخۆشخانەى هیوا راگرتووە.
لە ئێستاشدا، کەناڵی ئێن ئاڕ تى کەمپینێکی بەناوی "هەفتەى کۆکردنەوەى کۆمەک بۆ نەخۆشخانەى هیوا" راگەیاندووە، کە تیایدا هاوکاری بۆ نەخۆشخانەکە و توشبووانى شێرپەنجە کۆدەکاتەوە.
بەرپرسانى کەناڵی ئێن ئاڕ تی رایانگەیاند، کەمپەینەکە ماوەى هەفتەیەک بەردەوام دەبێت و کۆمەک و هاوکاری بۆ نەخۆشاخانەى هیوا کۆدەکاتە کە تایبەتە بە چارەسەرکردنى توشبووانى شێرپەنجە، ئاماژەیان بەوەشکرد، چەندین کەسایەتی جیاواز لە کەمپینەکەدا بەشداردەبن.