سەردێڕ:

سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت پەیام ئاڕاستەی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئێران دەکەن

فۆتۆ: 
2021-06-20

2583 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت بەجیا پیرۆزباییان لە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئێران کرد و داوایانکرد کاری پێکەوەیی بکەن بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان.


نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا هیوای سەرکەوتنی بۆ ئیبراهیم رەئیسی خواستووە و دەڵێت، هیوادارە په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ كۆمارى ئيسلامی ئێران له‌سه‌ر بنه‌ماى دراوسێيه‌تی باش و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش زياتر په‌ره‌يان پێبدرێت.

هاوکات، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە تویتێکدا پیرۆزبایی لە ئیبراهیم رەئیسی کرد و نوسیویەتی، حکومەتی هەرێم ئامادەی کاری پێکەوەییە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ماوەدرێژەکەیان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و رێز و بەرەو پێشبردنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی شەممە، پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران بەڕێوەچوو و دوای کەمتر لە ٢٤ کاتژمێریش لە داخستنی بنکەکانی دەنگدان ئەنجامەکان راگەیەنرا و تیایدا ئیبراهیم رەئیسی بە زۆرینەی دەنگ وەکو سەرۆککۆماری ئێران هەڵبژێردرا و دۆسییەکانی گێڕانەوەی متمانە بۆ حکومەت و باشترکردنی گوزەرانی خەڵک و چەکی ئەتۆمی و پەتای کۆرۆنا بە ئاڵانگارییەکانی بەردەم سەرۆکی نوێی ئێران دادەنرێن.