سەردێڕ:

گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی بۆ پشتگیری لە نەخۆشخانەى هیوا بەڕێوەچوو

فۆتۆ: 
2021-06-20

1412 جار خوێندراوەتەوە

بەشێک لە توشبووانی شێرپەنجە و کەسوکارەکانیان وەک ناڕەزاییەک بۆ دۆخی نەخۆشخانەى هیوا، گردبوونەوە و داواى پێدانى دەرمان و باشترکردنى خزمەتگوزارییەکانیان کرد.


یەکێک لە توشبووانى شێرپەنجە لە بەردەم نەخۆشخانەی هیوادا بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند، لە کەلارەوە هاتووە بۆ وەرگرتنی چارەسەر، بەڵام پێیان وتووە ئەگەر پارەتان پێ نییە دەرمانیش نییە.

دوێنێش، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم دوای کەمپینەکەی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، "نابێت هیچ کەمتەرخەمی و پاشەکشەیەک لەو خزمەتگوزارییە تەندروستییانەدا بکرێت، کە پێشکەشی نەخۆشانی شێرپەنجە دەکرێت."

ئەم وتانەی سەرۆکی حکومەت لەکاتێکدابوو، کە حکومەتی هەرێم خۆی ماوەیەکی زۆرە پارەی بۆ نەخۆشخانەکە نەناردووە و نەخۆشخانەکەی پشتگوێ خستووە.

یاد نەقشبەندیش بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، بەهۆی هەڵمەتی "هەفتەى کۆکردنەوەى کۆمەک بۆ نەخۆشخانەى هیوا"، کە کەناڵی ئێن ئاڕ تی هەڵمەتەکەی رێکخستووە، لە ئێستادا پارەیەکی زۆر وەک هاوکاری چووە بۆ نەخۆشخانەی هیوا.

بەهۆی نەبوونى پارە و دەرمانى پێویست، دۆخی نەخۆشخانەى هیوا لە ئێستادا بەرەو خراپی دەچێت، هەفتەى رابردووش بەشێک لە پزیشکان و کارمەندانى نەخۆشخانەکە بەهۆی وەرنەگرتنی شایستە داراییەکانیانەوە کارەکانیان راگرت.

پێشتریش، سەباح هەورامی بەڕێوەبەری تەندروستى سلێمانى رایگەیاندبوو، ماوەى شەش مانگە حکومەتى هەرێم شایستە داراییەکان و هاوکارییەکانى بۆ نەخۆشخانەى هیوا راگرتووە.

لە ئێستاشدا، کەناڵی ئێن ئاڕ تى کەمپینێکی بەناوی "هەفتەى کۆکردنەوەى کۆمەک بۆ نەخۆشخانەى هیوا" راگەیاندووە، کە تیایدا هاوکاری بۆ نەخۆشخانەکە و توشبووانى شێرپەنجە کۆدەکاتەوە.

بەرپرسانى کەناڵی ئێن ئاڕ تی رایانگەیاند، کەمپەینەکە ماوەى هەفتەیەک بەردەوام دەبێت و کۆمەک و هاوکاری بۆ نەخۆشاخانەى هیوا کۆدەکاتە کە تایبەتە بە چارەسەرکردنى توشبووانى شێرپەنجە، ئاماژەیان بەوەشکرد، چەندین کەسایەتی جیاواز لە کەمپینەکەدا بەشداردەبن.