سەردێڕ:

لەسەر کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا؛ وەزارەتی کارەبا روونکردنەوە دەدات

فۆتۆ: 
2021-06-20

5717 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی گرفتی تەکنیکییەوە بەرهەمهێنانی کارەبا کەمبووەتەوە و دەشڵێت، "داوا لە هاوڵاتییان دەکەین دەست بە بەکارهێنانی کارەباوە بگرن."


وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاویکردەوە و تیایدا هاتووە، "لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە، بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ٣ هەزار و ٤٠٠ مێگاواتەوە بۆ سێ هەزار مێگاوات کەمبووەتەوە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە، خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا بەرزبووەتەوە، بەجۆرێک لە سەرەتای مانگی حوزەیراندا، خواست لەسەر کارەبا سێ هەزار و ٨٠٠ مێگاوات بوو، بەڵام لە ئێستادا بۆ چوار هەزار و ٤٠٠ مێگاوات بەرزبووەتەوە."

وەزارەتی کارەبا راشیگەیاندووە، "کێشە تەکنیکییەکانی وێستەگەکانی لە کارکەوتوو بەم زووانە چارەسەر دەکرێن و بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا دەگاتە ئاستی جاران."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "داوا لە هاوڵاتییان دەکەین دەست بە بەکارهێنانی کارەباوە بگرن و ئەو ئامێر و گڵۆپانەی کە زۆر پێویست نین کەم بکەنەوە، بە تایبەتی ئەو هاوبەشانەی کە پێوەری زیرەکیان نەبەستووە و دەگاتە ٥٢٪ی هاوبەشانی کارەبا."

ئەگەرچی تەواوی کابینەکانی حکومەتی هەرێم بەڵێنی باشترکردنی بارودۆخی کارەبایان داوە، بەڵام ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و گەرمادا کێشە و گرفت لە کەمی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا لە هەرێمی کوردستاندا دروست دەبێت.