سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی رابروودا حکومەتی هەرێم پارەی بۆ نەخۆشخانەی هیوا نەدەنارد، بەڵام دوای کەمپینێکی ئێن ئاڕ تی لە ئێستادا حکومەتی هەرێم بڕیاریدا، مانگانە بڕی ملیارێک و ٦٠٠ ملیۆن دینار بۆ نەخۆشخانەکانی تایبەت بە چارەسەرکردنی توشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان خەرجبکات.
بەگوێرەی نوسراوێک کە واژۆی ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی لەسەرە هاتووە، بڕیاردراوە مانگانە بڕی ملیارێک و ٦٠٠ ملیۆن دینار بۆ نەخۆشخانەکانی تایبەت بە چارەسەرکردنی توشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان خەرجبکرێت، بۆ کڕینی دەرمان و دابینکردنی ئامێر و تاقیگە و پێداویستییە پزییشکییەکانی تر.
لە نوسراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ٧٠٠ ملیۆن دینار بۆ نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ نەخۆشخانەکانی رزگاری و نانەکەلی و ٣٠٠ ملیۆن دیناریش بۆ نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆک تەرخاندەکرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، بڕی ملیارێک و ٢٧ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار دیناری مانگانە لە بری نۆڕینگە (بدل عیادە) خەرج دەکرێت.
دوێنێش، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم دوای کەمپینەکەی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، "نابێت هیچ کەمتەرخەمی و پاشەکشەیەک لەو خزمەتگوزارییە تەندروستییانەدا بکرێت، کە پێشکەشی نەخۆشانی شێرپەنجە دەکرێت."
ئەم وتانەی سەرۆکی حکومەت لەکاتێکدابوو، کە حکومەتی هەرێم خۆی ماوەیەکی زۆرە پارەی بۆ نەخۆشخانەکە نەناردووە و نەخۆشخانەکەی پشتگوێ خستووە.
یاد نەقشبەندیش بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، بەهۆی هەڵمەتی "هەفتەى کۆکردنەوەى کۆمەک بۆ نەخۆشخانەى هیوا"، کە کەناڵی ئێن ئاڕ تی هەڵمەتەکەی رێکخستووە، لە ئێستادا پارەیەکی زۆر وەک هاوکاری چووە بۆ نەخۆشخانەی هیوا.
بەهۆی نەبوونى پارە و دەرمانى پێویست، دۆخی نەخۆشخانەى هیوا لە ئێستادا بەرەو خراپی دەچێت، هەفتەى رابردووش بەشێک لە پزیشکان و کارمەندانى نەخۆشخانەکە بەهۆی وەرنەگرتنی شایستە داراییەکانیانەوە کارەکانیان راگرت.
پێشتریش، سەباح هەورامی بەڕێوەبەری تەندروستى سلێمانى رایگەیاندبوو، ماوەى شەش مانگە حکومەتى هەرێم شایستە داراییەکان و هاوکارییەکانى بۆ نەخۆشخانەى هیوا راگرتووە.
لە ئێستاشدا، کەناڵی ئێن ئاڕ تى کەمپینێکی بەناوی "هەفتەى کۆکردنەوەى کۆمەک بۆ نەخۆشخانەى هیوا" راگەیاندووە، کە تیایدا هاوکاری بۆ نەخۆشخانەکە و توشبووانى شێرپەنجە کۆدەکاتەوە.
بەرپرسانى کەناڵی ئێن ئاڕ تی رایانگەیاند، کەمپەینەکە ماوەى هەفتەیەک بەردەوام دەبێت و کۆمەک و هاوکاری بۆ نەخۆشخانەى هیوا کۆدەکاتە کە تایبەتە بە چارەسەرکردنى توشبووانى شێرپەنجە، ئاماژەیان بەوەشکرد، چەندین کەسایەتی جیاواز لە کەمپینەکەدا بەشداردەبن.