وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەوان لەگەڵ ئەوەدان موچە بە تەواوی دابەشبکرێت، بەڵام ناتوانن لە ئێستاوە بڕیاربدەین ئەم مانگە چۆن موچە دابەش دەکرێت.
جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی پارتی راگەیاندووە، چاوەڕێن حکومەتی عێراق ٢٠٠ ملیار دینارەکە رەوانە بکات و تا بۆ وردەکاریەکان بەرچاویان روونبێت، و بتوانن بڕیار پێویست لەسەر موچە بدەن، دەشڵێت، "حکومەت لەگەڵ ئەوەدایە موچە بە تەواوی بدات و هەوڵی جدیشمان داوە کە موچە ١٠٠٪ دابەشبكرێت."
جوتیار عادل راشیگەیاند، "ناتوانین لە ئێستاوە بڕیاربدەین ئەم مانگە چۆن موچە دابەش دەکرێت، تا وردەکاریی و پێشهاتە داراییەکان تاوتوێ دەکرێن، دوای ئەوەی کۆبوونەوە لەوبارەیەوە دەکرێت بڕیاری پێویستی لەسەر دەدرێت."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "دوای ناردنی بڕە پارەکە لە بەغداوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی بەپێی داهاتی بەردەست پارە بۆ موچە دابین دەکرێت، حکومەت کۆمەڵێک ئیلتیزاماتی لەسەر شانە و تەنها موچە نییە، بەڵام ئومێد دەکەین لە ماوەیەکی نزیکدا گرفتی موچە چارەسەربکرێت."
باسی لەوەشکرد، لە ٦ی مانگدا سێیەمین نوسراویان ئاڕاستەی چاودێری حکومەتی عێراق کردووە و ئەوان لیژنەیەکیان ناردووەتە هەرێمی کوردستان و رۆژی ٧ی مانگ دەستبەکاربووە بۆ وردبوونەوە لە داهاتە نا نەوتییەکان و دەروازەکان و چەند تیمێکی هاوبەش لە دیوانی چاودێری هەرێم و عێراق پێکهێنراوە، کە تا ئێستا بەردەوامن لە کارەکانیان، دەشڵێت، "داهاتە نا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە دەستی تیمی هاوبەش و چاودێری دارایی هەردوولا دایە."
رۆژی ١٥ی ئەم مانگە، مهسرور بارزانی سهرۆكی حكومهتی هەرێم رایگەیاند، لەگەڵ بەغدا رێککەوتوون بەشە بودجەی هەرێم بگەڕێنرێتەوە.
١٢ی ئەم مانگە، رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی و وەبەرهێنان لە تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، "ئەگەر بەغدا پارەش بنێرێت ناتوانین بڵێین ١٠٠٪ لێبڕینی موچە کۆتایی پێ دێت"، دەشڵێت، "بەپێی داهاتی بەردەستی خۆمان و پارەکەی بەغدا بڕیار لەسەر موچە دەدەین بێ لێبڕین."
ماوەی زیاتر لە دوو مانگە، بودجەی عێراق پەسەندکراوە، پشکى هەرێم لە بودجەی عێراق بە ١٢.٦٧٪ دیارییکراوە، لە بەرامبەردا، حکومەتى هەرێم پابەندکراوە بە رادەستکردنى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە نرخى سۆمۆ لەگەڵ رادەستکردنى نیوەی لە داهاتی خاڵە سنورییەکان، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک لە بەغداوە نەهاتووە بۆ هەرێم.