سەردێڕ:

خشتەی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی ١٢ بڵاوکرایەوە

فۆتۆ: 
2021-06-20

6128 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پەروەردە خشتەی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی لە هەرێم بە سەرجەم بەشەکانیەوە بڵاوکردەوە و بەپێی خشتەکانیش تاقیکردنەوەکان لە ناوەڕاستی مانگی تەمموز بۆ ناوەڕاستی مانگی ئاب دەبێت.


بڕیارە لە ٢٥ی مانگی تەمموزی ئەمساڵدا تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی دەستپێبکات بە سەرجەم بەشەکانی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی، ئیسلامی)، دوا رۆژیش بۆ تاقیکردنەوەکان لە زانستی و وێژەییدا ١٨ی مانگی ئاب و لە پیشەیی و ئیسلامیشدا ٢٢ی مانگی ئاب دەبێت.

سیستمی خوێندنی پەروەردە لە هەرێمدا بە جۆرێکە لە ١٢ قۆناغ پێکهاتووە و لە ١ی سەرەتایی بۆ ١٢ی ئامادەیی دەستپێدەکات، سیتسمی تاقیکردنەوەکان بە جۆرێکە لە قۆناغی چوارەمەوە تاقیکردنەوەی سەرکاغەز ئەنجامدەدرێت و وەرزی یەکەم و دووەم هەیە.

لەبارەی تاقیکردنەوە گشتییەکانیشەوە کە بە (تاقیکردنەوەی وەزارەت) ناسراوە، قۆناغی ٩ و ١٢ ئەنجامی دەدەن و لە یەک تاقیکردنەوەدا سەرجەم وانەکان بە سەرجەم کەرتەکانیانەوە داخڵ دەبێت و لەسەر ئەو نمرەیە خوێندکارانی پۆلی ٩ دەتوانن بچنە پەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە یان دواناوەندی و خوێندکارانی پۆلی ١٢ش دەتوانن بچنە پەیمانگاکانی سەر بە خوێندنی باڵا یان زانکۆکان.

خوێندن لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە

پاش ئەوەی لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠٢٠دا ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتە عێراق و هەرێم، لە مانگی شوباتی ئەو ساڵەدا دەرگای ناوەندەکانی خوێندن داخران و نمرەکانی وەرزی یەکەم بۆ وەرزی دووەمی خوێندکاران هەژمارکران. جگە لە پۆلی ١٢ کە تاقیکردنەوەی نیشتیمانیان ئەنجامدا، تاقیکردنەوەی نیشتیمانی بۆ پۆلی ٩ لابرا.

بۆ خوێندنی ئەمساڵیش، ٢٠٢٠-٢٠٢١، ماوەی کەمتر لە سێ مانگ خوێندکاران لە ناو پۆلەکانیاندا دەوامیان کردووە و لەم هەفتەیەشدا تاقیکردنەوەی کۆتایی پۆلە ناکۆتاکان بەڕێوەدەچێت.

ئەوە سەرەڕای ئەوەی سیستمی ئاوێتە داهێنرا، بەجۆرێک بوو کە خوێندکاران لەرێگای ئۆنلاینەوە و ئەو کۆدە تایبەتەی لە خوێندنگەکانیان پێیان دراوە، وانەکانیان وەردەگرت. بەڵام چەندین جار بەرپرسانی پەروەردە باسیان لەوە کردووە خوێندنی ئۆنلاین جێگای خوێندنی ناوپۆل ناگرێتەوە و هەندێکیشیان باسیان لەوەکردبوو، کە سیستمی ئاوێتە سەرکەوتوو نەبوو.

هـ.ئـ

May be an image of text
May be an image of text