ئەندامێکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی رایگەیاند، جیاوازی لە نێوان خانەنشینانی هەولێر و سلێمانیدا هەیە و بە موچەی جیاواز خانەنشین دەکرێن.
قادر حەمەجان ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی لە کۆنگرەی دووەمی پێشمەرگە دێرینەکاندا رایگەیاند، جیاوازییەکە بە جۆرێکە کە خانەنشینی بۆ پلەی وەزیر لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی سلێمانی بە چوار ملیۆن و ٤٤٠ هەزار دینار و لە هەولێر بە شەش ملیۆن خانەنشین کراون.
قادر حەمەجان روونیشیکردەوە، یەکگرتنەوەی پێشمەرگە بۆ گەل و رابردوو و ئێستا و داهاتوو گرنگە، وتیشی، ئەوان لەگەڵ یەکگرتنەوەی هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسیشدان؛ کە بکرێنە دامەزراوەیەکی نیشتیمانی و دووربن لە هەموو جۆرە دەستتێوەردانێک.
حاکم قادر باسی لەوەشکرد، "ئەم قۆناغە فۆناغێکی هەستیارە و هەموو لایەک لەگەڵ بەرژەوەندی خۆیدایە، پێوستە ئێمەش بزانین بەرژەوەندیمان لەکوێدایە، بەرژەوەندی ئێمە لە یەکڕێزی گەلەکەماندایە"، راشیگەیاند، "رەنگە هەندێک کەس بیانەوێت خەباتی پێشمەرگە لەکەدار بکەن، لە وەڵامیاندا دەڵێین، ئەوەی فیشەک بە رابردوومانەوە بنێت تۆپ بە داهاتوویەوە دەنێین."
نەخۆشخانەی هیوا
لەبارەی دۆخی نەخۆشخانەی هیواوە حاکم قادر ئاماژەی بەوەکرد، ئەرکی وەزارەتی تەندروستی و حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە کێشە و پێداویستییەکانی نەخۆشخانەی هیوا چارەسەربکات و نەهێڵێت بەسیاسی بکرێت، چونکە پەیوەندی بە تەندروستی خەڵکەوە هەیە.
لەبارەی گەندەڵییەوە وتی، گەندەڵی لە سەرجەم خاڵە سنوریەکاندا هەیە و دەرمانی بەسەرچوو و قاچاغ دێتە کوردستان، کە پێوستە ئەم کێشانە چارەسەربکرێن، راشیگەیاند، هەندێک پرس کەڵەکەبووی کابینەکانی پێشووە.
شەڕی ناوخۆ
لەبارەی شەری ناوخۆوە حاکم قادر ئەوەی خستەڕوو، شەڕی ناوخۆ شەڕێکی قێزەونە و گەورەترین هەڵەی مێژووی کوردە، "ئێمە بە هەموو شێوەیەک دژی شەڕی ناوخۆ و براکوژین."
دەستوری هەرێم
لەسەر پرسی دەستور حاکم قادر رایگەیاند، ئەوان لەگەڵ دەستورێکدان لە بەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بێت، لە بەرژەوەندی حیزبێکدا نەبێت، هەروەها بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا بێت و لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ و دیموکراسی بێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، هەرێمی کوردستان بەگوێرەی دەستوری پەسەندکراوی عێراق هەرێمێکی دانپێدانراوە و خاوەنی دامەزراوەکانی وەک سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی دەسەڵاتی دادوەرییە و تا ئێستاش لە خاوەنی دەستورێکی پەسەندکراونییە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی چەندین کێشە بە چارەسەرنەکراوی بمێننەوە.
لە ساڵی ٢٠٠٩وە رەشنووسێكی دەستور لەلایەن كەسانی پسپۆر و ئەكادیمی و یاسایی و سیاسی، بۆ هەرێمی كوردستان نووسراوە و ئاراستەی پەرلەمان كراوە، لە مانگی نیسانیشدا، زانا مەلا خالید سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکایەتیی پەرلەمان، داوای لە سەرجەم فراکسیۆنەکان کردووە ڕا و تێبینیی خۆیان لەبارەی دەستوری ھەرێمی کوردستانەوە ئامادە بکەن و پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی بکەن، بۆئەوەی دەست بە ئامادەکردنی دەستور بکرێت.
ئەمڕۆ ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٠، یادی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان بوو، کە بۆ دووەم ساڵە لە کۆنگرەیەکدا ئەو یادە دەکرێتەوە و ئەمڕۆش بە بەشداری چەندین پێشمەرگەی دێرینی کوردستان و چەند بەرپرسێک ئەو یادە کرایەوە.
هـ.ئـ