وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، برایەک تەقەی لە خوشکەکەی و هاوسەری خوشکەکەی و کەسێکی دیکە کردووە و بەهۆیەوە دوو کەس کوژران و کەسێکی دیکە برینداربوو.
هۆگر عەزیز وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەشکرد، رووداوەکە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بووە و دوو پیاو گیانیان لەدەستداوە و ژنێکیش بریندارە.
رووداوەکە لەسەر شەقامی ٦٠ مەتری هەولێر بووە و وتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت، لە ئێستادا تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە شوێنی رووداوەكەن بە مەبەستی بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی زیاتر و لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بڵاودەكەنەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمشەو لە شەقامی ٦٠ مەتری هەولێر رووداوێکی تەقەکردن روویدا و لە سەرەتادا باس لەوەکرا کە سێ کەس گیانیان لەدەستدابێت.
ماوەیەکە رووداوەکانی تەقەکردن لە هەرێمدا روویان لە زیادبوون کردووە و هاوڵاتیان بەشێکیان کێشەکان لەنێوان خۆیاندا بە چەک یەکلایی دەکەنەوە، کە شارەزایان پێیان وایە هۆکارەکەی بۆ بوونی چەک لە دەستی هاوڵاتیاندا دەگەڕێتەوە.
هـ.ئـ