سەردێڕ:

پەرلەمانتارێک: دەسەڵاتی هەرێم بەرەو نەمان دەڕوات و گەندەڵی حکومەتی هەرێم دەڕوخێنێت

فۆتۆ: 
2021-06-21

6844 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، دەسەڵاتی هەرێم بەرەو نەمان دەڕوات و گەندەڵی حکومەتی هەرێم دەڕوخێنێت، وتیشی، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ روخان و فه‌وتان نزیكبووه‌ته‌وه‌ و یه‌ك پاڵی بچوكی ماوه‌.


ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەپانۆرامای ئێن ئاڕتیدا رایگەیاند، ئەوەی ئەم دەسەڵاتە دەڕوخێنێت، گەندەڵی و بێ باکی و ناعەدالەتییە، وتیشی، گەندەڵی بەزنجیرە لەهەرێمی کوردستاندا دەکرێت.

باسی لەوەشكرد، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دەستەمۆی حکومەتی هەرێمە

ئەو ئەندامپەرلەمانە باسی لەوەشکرد، ئەوانەی پشتیوانی حکومەت دەکەن ئەوانەن داهاتی ئەم وڵاتە دەخۆن، باسی لەوەشکرد، "دەسەڵاتدارانی هەرێم ئاویشیان لە ئەوروپاوە بۆ دێت."

لەبارەی کۆچی گەنجانەوە بۆ دەرەوەی وڵات ئەبوبەکر هەڵەدنی وتی، بەهۆی کۆچکردنەوە وڵاتەکەمان لەلایەن گەنجانەوە چۆڵکرا.

ئەوەش لە کاتێدایە، گوزەزانی هاوڵاتیان لە هەرێمدا لە دۆخێکی خراپدایە و سەرەڕای نەبوونی هەلی کار و دامەزراندن، موچەی فەرمانبەران دەبڕدرێت و دوادەخرێت یان هەر نادرێت، نرخی دیناری عێراقی بەراورد بە دۆلار دابەزیوە و کەل و پەل و خۆراک گران بووە، ئەوە سەرەڕای گرانبوونی نرخی بەنزین.

شارەزایان باس لەوەدەکەن، کاریگەری بارودۆخی سیاسی و ئابوری لە هەرێم بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە هاوڵاتیان و چەندین خێزان لەبەر دۆخی ئابوری هەڵوەشاونەتەوە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی دۆخێکی گونجاو و لەبار بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری بۆ گەنجان لە ئارادا نییە.

هاوکات، شارەزایان و توێژەران باس لەوەدەکەن، کە بەشێکی گەنجان و خێزانەکان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا کۆچدەکەن و بەوەش رێژەی گەنج لە هەرێمدا کەمدەبێتەوە، کە کەمبوونەوەی رێژەی گەنج لێکەوتەی نەخوازراو بە دوای خۆیدا دەهێنێت.

هـ.ئـ