بەڕێوەبەری گشتی کەشناسی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، زۆربوونی چالاکییە مرۆییەکان و فڕێدانی بڕێکی زۆر لە گازە گەرمەکان هۆکارە بۆ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە جیهاندا و بەمەش هەرێمی کوردستان یەکێکە لە ناوچە زیان بەرکەوتووەکانی گۆڕانکاری کەش و هەوا، دەشڵێت، پێشبینیدەکرێت لە هاوینی ئەمساڵدا پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزببنەوە.
فازڵ ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتی کەشناسی هەرێم لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە ناڤینی رۆژ لە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، هەرێمی کوردستان یەکێک نییە لەو وڵاتانەی هۆکاری دروستبوونی پەلەکانی گەرما و کەش و هەوابێت لە جیهاندا، بەڵام یەکێکە لە ناوچە زیان لێکەوتووەکانی ئەو گۆڕاناکارییە و لێی بەدەرنییە.
لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ئاماژەی بەوەدا، لە داوی ساڵی ٢٠٥١ـەوە پلەکانی گەرما پێوانەیی نوێ تۆمار دەکات و ساڵ بەساڵ بەرزتر دەبێتەوە، ئەمانەش هەمووی دەرەنجامی گۆڕانی کەش و هەوا، کەمبوونەوەی رێژەی بارانبارین و دیاردەی باران بە شێوەی پچڕ پچڕە.
فازڵ ئیبراهیم باسی لەوەشکرد، زۆربوونی دیاردەی خۆڵبارین و گۆڕانی پلەکانی گەرما لە وەرزی زستاندا و شێوازی دابارینی باران و بەفربارین لە دەرەنجامەکانی دیکەی گۆڕانی کەش و هەوان.
دەشڵێت، بەگشتی لە وەرزی زستان و هاویندا کاریگەری گۆڕانکاری پلەکانی گەرما دەردەکەون، ساڵی رابردوو بەهۆی بوونی دریاردەی نینا لەسەر ناوچەکە و کەمبوونەوەی ژمارەی نزمە پاڵە پەستۆکان، بەتایبەت ئەوانەی لە دەریای ناوەڕاستەوە روودەدەن، هەرێم دووچاری وشکە ساڵی بووەوە.
سەبارەت بە پەیوەندی وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بەڕێوەبەری گشتی کەشناسی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، وشکەساڵی هۆکارنییە بۆ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، بەڵام لە ساڵانی رابردوو تا کۆتایی مانگی پێنج بارانبارین بەردەوامبووە، بەڵام ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان لە کۆتایی مانگی ئازارەوە نەمانی باران بارین وایکرد زوتر هەست بە وەرزی هاوین بکرێت، ئەمەش هۆکاربووە بۆ ئەوەی پلەکانی گەرما بەوشێوەیە بەرزبێتەوە.
لەبارەی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری فازڵ ئیبراهیم ئاشکرای کرد، "لەماوەی چەند رۆژی رابردوو بینیمان نزمە پاڵە پەستۆی هیندی بەسەر ناوچەکە درێژبوونەوەی هەبوو. لە خانەقینەوە تا ناو شاری سلێمانی بەشێوەیەکی لاکێشەیی و درێژکۆڵە درێژبوبووەوە و هاتبووە ناوچەکە و جیاواز لە ناوچەکانی تر ئەمە وای کرد لە چەند رۆژی رابردوو پلەکانی گەرما جیاواز لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەربکەوێت".
ئاماژەی بەوشدا، بەهۆی تۆبۆگرافیا و قەتیسبوونی هەوا لەو ناوچەیەدا وایکرد کە پلەکانی گەرما بە راورد بەناوچەکانی دیکە یەک تا دوو پلە زیاتر بەرزبێتەوە.
سەبارەت بە گۆڕانی پلەکانی گەرمی لە رۆژانەی داهاتوو و سەرەتای هەفەتی داهاتوو وتی، ئەمڕۆ هاوین دەستی پێکردووە، لە رۆژانی داهاتووشدا بەراورد بە رۆژانی رابردوو تا رادەیەک لە یەک بۆ دوو پلە پلەکانی گەرما روو لە نزمبوونەوەدەکەن، دەشڵێت، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو چالاکی پاڵەپەستۆی نزمی هیندی دەستپێدەکاتەوە ئەمەش وادەکات پلەکانی گەرما دوو بۆ سێ پلە بەرزببنەوە.
لە درێژەی لێدوانەکەشیدا فازڵ ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتی کەشناسی هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە دواترین راپۆرتی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوەکراوەکە لە نێوان ساڵانی ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٥ پلەکانی گەرمی بەردەوام بەرزدەبنەوە.
دەشڵێت، لە دوای شۆرشی پیشەسازی ٢.١ پلەی سەدی پلەی گەرما بەرزبووەتەوە. پێشبینیشدەکرێت لەیەکێک لەم پێنج ساڵانەی کۆتاییدا بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمی بگاتە ١.٥ پلە، بەمەش یەکێک لەم ساڵانە بە گەرمترین ساڵ تۆمار دەکرێت.
كــ ، ئــ