جێگری سەرۆکی پەرلەمان لەبارەی لێبڕینی موچەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پێش سەری مانگ دانیشتنی پەرلەمان لەسەر لێبڕینی موچە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومەت ئەنجام دەدەن.
هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کە دانیشتنەکە پێش سەری مانگ دەبێت بەر لەوەی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی تەمموزەوە بکەوێتە پشووی هاوینەوە.
وتیشی، حکومەت ئامادەیی خۆی بۆ دانیشتنەکە نیشان داوە.
دوێنێ یەکشەممە، جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەوان لەگەڵ ئەوەدان موچە بە تەواوی دابەشبکرێت، بەڵام ناتوانن لە ئێستاوە بڕیاربدەین ئەم مانگە چۆن موچە دابەش دەکرێت.
رۆژی ١٥ی ئەم مانگە، مهسرور بارزانی سهرۆكی حكومهتی هەرێم رایگەیاند، لەگەڵ بەغدا رێککەوتوون بەشە بودجەی هەرێم بگەڕێنرێتەوە.
١٢ی ئەم مانگە، رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی و وەبەرهێنان لە تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، "ئەگەر بەغدا پارەش بنێرێت ناتوانین بڵێین ١٠٠٪ لێبڕینی موچە کۆتایی پێ دێت"، دەشڵێت، "بەپێی داهاتی بەردەستی خۆمان و پارەکەی بەغدا بڕیار لەسەر موچە دەدەین بێ لێبڕین."
ماوەی زیاتر لە دوو مانگە، بودجەی عێراق پەسەندکراوە، پشکى هەرێم لە بودجەی عێراق بە ١٢.٦٧٪ دیارییکراوە، لە بەرامبەردا، حکومەتى هەرێم پابەندکراوە بە رادەستکردنى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە نرخى سۆمۆ لەگەڵ رادەستکردنى نیوەی لە داهاتی خاڵە سنورییەکان، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک لە بەغداوە نەهاتووە بۆ هەرێم.
هێرش قادر، هەولێر
هـ.ئـ