لە هەولێر، تەکسییەک کۆنتڕۆڵ لە دەستدەدات و خۆی دەکات بە کۆگایەکی مەڕمەڕدا، کە بەهۆی رووداوەکەوە شۆفێرەکە گیانی لەدەستدا.
فازڵ حاجی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر ڤیدیۆکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، رووداوەکە کاتژمێر ٥ی سەرلەبەیانی بووە، لەسەر رێگای گردجوتیار-بەحرکە، کە رێگایەکی تاکسایدی گوندە.
فازڵ حاجی بە کارەسات ناویبردووە و نووسیویەتی، "کارەساتێکی هاتوچۆ روویدا کاتێک ئۆتۆمبێلێکی تاکسی بەهۆی خێرایی زۆرەوە کۆنتڕۆلی لەدەستدا و خۆی کێشا بەکۆگایەکی مەڕمەڕ و کاشی، لە ئەنجامی رووداوەکەش شۆفێرەکە گیانی لەدەستدا؛ جگە لەکەوتنەوەی زیانێکی زۆری ماددی."
باسی لەوەکردووە، لە سەیرکردنەوەی کامێراکانی چاودێری دەرکەوت کە بەر لە رووداوەکە شوفێرەکە زۆر تیژڕۆ و بێ ئاگا بووە، کە ئەو بێ ئاگاییە لەوانەیە بەهۆی خەوتنەوە بێت یان بەهۆی جەڵتەو گیانلەدەستدانی پێشوەختە بێت، چونکە ئۆتۆمبێلەکە پاش لەرێگا دەرچوونی لەجیاتی کەمکردنەوەی خێرایی خێراییەکەی زیاتر دەبێت."