ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە" رایگەیاند، هێزەکانیان لە کەمپی هۆل چوار داعشیان دەستگیرکردووە کە عێراقی بوون و پلانی کوشتنی سێ کەسیان جێبەجێکردووە کە یەکێکیان ژن بووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە" لە بارەی دەستگیرکردنی چوار داعش لە کەمپی هۆل بە تۆمەتی کوشتن راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، دوای تێکشکانی داعش، لەگەڵ ئەو خەڵکەوە هاتوونەتە کەمپەکە کە ئاوارەبوون و خۆیان رێکخستووەتەوە، لەبەشێکی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، چوار داعشەکە عێراقین و پێشتر پلانی کوشتنی سێ کەسیان جێبەجێکردووە کە یەکێکیان ژن بووە.
راگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەگوێرەی دانپێدانەکەیان، ئەوان رێنماییەکانیان لەسەروی خۆیان لە دەرەوە وەرگرتووە و ئەوانیش فەرمانەکانیان دەگەیەننە شانە نوستووەکانی ناو کامپەکە.
کەمپی هۆل دەکەوێتە خۆرهەڵاتی پارێزگای حەسەکەوە لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا و نزیکەی ٦٠ هەزار ئاوارەی داعشی سوری و عێراقی و نێودەوڵەتی لە ژن و منداڵی تێدا دەژین و لەلایەن ئیدارەی خۆسەری باکور و خۆرهەڵاتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە"ەوە چاودێری و سەرپەرشتی دەکرێن.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا، ٩٤ خێزانی سەربە گروپی چەکداری داعش لە کەمپی ھۆل لە سوریاوە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە گەڕێندرانەوە و لە کەمپی جدعە لە باشوری پارێزگای نەینەوا نیشتەجێکران.
كـ ، ئـ