پۆلیسی راپەرین رایگەیاند، لە بازاڕی قەڵادزێدا دوو کەسی نەناسراو هێرشیان کردووەتە سەر دوکانێکی کەمالیات و زیاتر لە پێنج دەفتەر دۆلاریان لێدزیوە.
پۆلیسی راپەرین رایگەیاند، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو کەسی نەناسراو لەناو بازاڕی قەڵادزێ هێرشیان کردووەتە سەر کاسبکارێک بەناوی (ڕ . ح . ر) کە دوکانی کەمالیاتی هەیە، پۆلیس دەڵێت، دوکاندارەکە، بەوتەی خۆی "بڕی ٤٢ هەزار و ٧٠٠ دۆلاری ئەمریکی و ١٩ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دیناری عێراقی" لابووە، کە هی قەرز بووە و ویستوویەتی لە دوکانەکەی خۆیدا بیداتەوە بە خاوەن قەرز.
باسی لەوەکردووە، پاش ئەوەی کەمێک سەرقاڵ بووە دوو کەسی دەمامکدار پەلاماریان داوە و وێڕای بریندارکردنی سەرجەم پارەکانیان لێ سەندووە و رایانکردووە.
بەپێی وتەی پۆلیس، لەئێستادا لێکۆڵینەوەی ورد لە رووداوەکە دەستی پێکردووە و دادوەر بە ماددەی ٤٠٦ لە یاسایی سزادانی عێراقی بڕیاریداوە بە دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.