سەردێڕ:

یەکەیەکی هێزەکانی ٧٠ دەخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە

فۆتۆ: 
2021-06-21

6536 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی وەزارەتی پێشمەرگە، فەرماندەیی هێزەکانی یەکەی ۷۰ی پێشمەرگە ئامادەییان دەربڕیوە هێزەکانی پشتیوانی دوو بخەنەوە سەر وەزارەتەکە.


وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، "لە نامەیەکی فەرمیدا، فەرماندەیی هێزەکانی یەکەی ۷۰ی پێشمەرگە ئاراستەی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە کراوە، تیایدا ئامادەیی فەرماندەییەکە بۆ وەزیری پێشمەرگە دەربڕاوه، کە هێزەکانی پشتیوانی دووی یەکەی ٧٠، بخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "پەیوەست بەو پرسە وەزیری پێشمەرگە، ستایشی بڕیاری گەڕانەوەی هەردوو هێزەکانی پشتیوانی (یەک و دوو)ی یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ دەکات، لە چەقی بەرپرسیاریەتی نیشتمانی و نەتەوەییانەش بۆ دروستکردنی هێزێکی یەکگرتووی سەربازیانەی سەردەمی داوا دەکات، لە هەنگاوەکانی دادێت سەرجەم هێزەکان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا کۆببنەوە."

وەزارەتی پێشمەرگە راشیگەیاندووە، "هەنگاوی گەڕانەوەی هێزەکان بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە لە ئەنجامی خێراترکردنی پڕۆسەی رێفۆرمی سەربازییە و ئاراستەی کاروانی چاکسازیش لەوەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامی دەبێت."

هەر ئەمڕۆ، ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە کۆبووەوە و وتوویەتی، "دۆخی ئێستا و داهاتووی ناوچەکە، پێویستی بە یەکڕیزی و یەکگرتوی هێزێکی نیشتمانی تۆکمەی پێشمەرگە هەیە"، وتووشییەتی، "لەم بارەیەوە هاوکاری و هەمەئاهەنگیەکانمان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت."

لە هەرێمی کوردستان، هێزەکانی ٧٠ سەر بە یەکێتین و هێزەکانی ٨٠ سەر بە پارتین، چەند لیوایەکی هاوبەشیش لە وەزارەتی پێشمەرگە پێکهێنراوە، ماوەی چەند ساڵێکە بەرپرسانی هەرێم باس لە هەوڵەکانیان دەکەن بۆ یەکخستنەوەی ئەو هێزانە و لە ئێستاشدا بەهۆی فشاری هاوپەیمانان و بە تایبەتی ئەمریکاوە هەوڵەکان بۆ یەکخستنەوەیان زیاتر بووە.