پەیامنێری ئێن ئاڕ تی دەڵێت، لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا لە شاری زاخۆی سەر بە پارێزگای دهۆک چێشتێتلێنەرێک کەوتووەتە نێو مەنجەڵێکەوە و گیانی لەدەستداوە.
بەپێی زانیارییەکانی وەحید سندی پەیامنێری ئێن ئاڕتی لە زاخۆ، گەنجێک بە ناوی عیسا محەمەد لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕاندا سەرقاڵی ئامادەکردنی چێشتلێنان بووە و لەکاتی ئامادەکردنی خواردندا کەوتووەتە ناو مەنجەڵی چێشتلێنانەکەوە و بەشێکی زۆری جەستەی سوتاوە و پاش شەش رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
یەکێک لە کەسوکاری عیسا محەمەد بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، رووداوەکە لە ١٦ی مانگدا بووە و پزیشکەکان پێیان وتوون، ٦٥%ی جەستەی سوتاوە و پاش شەش رۆژ مانەوەی لە ژیاندا گیانی لەدەستداوە.
عیسا محەمەد تەمەنی ٢٥ ساڵ بوو زیاتر لە شەش ساڵە چێشتلێنەرە و خێزانداربووە و خاوەنی سێ منداڵ بووە.