لە ناحیەی شۆڕشی سەر بە قەزای چەمچەماڵ ژنێکی تەمەن ٢١ ساڵ دوای ئەوەی ئەمڕۆ دۆسییەی جیابوونەوەی لە هاوسەرەکەی لە دادگا داخراوە، سەر لە ئێوارە تەرمەکەی دۆزراوەتەوە.
شەریف رەحیم وتەبێژی تەندروستی چەمچەماڵ بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ناحیەی شۆڕشی سەر بە قەزای چەمچەماڵ، ژنێکی تەمەن ٢١ ساڵ هێنراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی چەمچەماڵ کە ئاسەواری گولـلە بەسەر سەرییەوە بووە.
شەریف رەحیم ئەوەشی خستووەتەڕوو، لێکۆڵینەوەی هێزەئەمنییەکان لەسەر رووداوەکە بەردەوامە و لە ئێستادا تەرمەکەی لە پزیشکی دادی سلێمانییە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ژنەکە ناوی (ش، ع)ـە و ئەمڕۆ دوایین رۆژی جیابوونەوەی ژنەکە بووە لە هاوسەرەکەی و لە دادگادا دۆسییەکەیان داخراوە.