پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، شەڕەتەقە لە نێوان دوو هێزی ئەمنی سلێمانی لە گەڕەکی سەرچنار ڕوویدا و بەوهۆیەوە حەوت کەس برینداربوون.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە شەڕەکەدا چەکی قورس بەکارهێنراوە و تا ئێستاش نازانرێت هۆکاری پەیدابوونی شەڕەکە چیبووە.
باسی لەوەشکرد، بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون و لە ئێستاشدا هێزێکی زۆری ئەمنی لە نزیک تەلاری هونەر و نەخۆشخانەی شار بڵاوەیان پێکراوە.
هاوکات، بەشێک لە شایەتحاڵەکان لە شوێنی ڕووداوەکە بە ئێن ئاڕ تیان ڕایگەیاند، کە شەڕەتەقەکە زیاتر لە ٢٠ خولەک بەردەوامبووە.
ئەمە یەکەم جار نییە شەڕەتەقە لەنێوان هێزەکانى سەر بە یەکێتى لە سلێمانى رووبدات، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، لە ناو بازگەى تاسڵوجەى سەر بە پارێزگاى سلێمانى شەڕە تەقە لەنێوان هێزێکى کۆماندۆى یەکێتى و ئاسایشەکانى بازگەکەدا روویدا بەهۆیەوە شەش ئاسایش و چوار کۆماندۆ برینداربوون و شاخەوان ئەحمەدیش کە لە ریزی هێزەکانی ئاسایش بوو، گیانى لەدەستدا.
لە هەر مانگی شوباتدا، لە سلێمانی شەڕەتەقە لە نێوان ئەفسەرێکی بەرگری شارستانی و کوڕی ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا دروستبوو و دواتر، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، "لەم زۆنەی ئێمە شتی وا قابیلی قبوڵ نییە."