سەردێڕ:

سلێمانی شەوێکی نائاسایی بەڕێکرد؛ بزانە چی روویدا

هێزە ئەمنییەکان بە چەکی قورس روبەڕوی یەکتر بوونەوە
فۆتۆ: 
2021-06-22

201315 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بەهۆی شەڕەتەقەوە لەنێوان دوو هێزی ئەمنی یەکێتی لە شاری سلێمانیدا نۆ کەس لە کارمەندانی هێزە ئەمنیەکان برینداربوون و بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە.


وتیشی، تەندروستی دوو لە بریندارەکان ناجێگیرە و ئێستا لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدان.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە شەڕەکەدا چەکی قورس بەکارهێنراوە و تا ئێستاش نازانرێت هۆکاری پەیدابوونی شەڕەکە چیبووە و هێزێکی زۆری ئەمنی هێنراوەتە شوێنی ڕووداوەکە و بەردەم نەخۆشخانەی شار.

کاتژمێر ١١ و ٣٠ خولەکی ئەمشەو لەگەرەکی سەرچناری شاری سلێمانی شەڕەتەقە لەنێوان دوو هێزی ئەمنی شاری سلێمانیدا ڕوویدا.

هاوکات، دوای ئاڵۆزیەکان هێزە ئەمنییەکان ڕێگریان لە تیمێکی ئێن ئاڕ تی کرد لەبەردەم نەخۆشخانەی شاردا ڕووماڵ بکەن.

ئەمە یەکەم جار نییە شەڕەتەقە لەنێوان هێزەکانى سەر بە یەکێتى لە سلێمانى رووبدات، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، لە ناو بازگەى تاسڵوجەى سەر بە پارێزگاى سلێمانى شەڕە تەقە لەنێوان هێزێکى کۆماندۆى یەکێتى و ئاسایشەکانى بازگەکەدا روویدا بەهۆیەوە شەش ئاسایش و چوار کۆماندۆ برینداربوون و شاخەوان ئەحمەدیش کە لە ریزی هێزەکانی ئاسایش بوو، گیانى لەدەستدا.

لە هەر مانگی شوباتدا، لە سلێمانی شەڕەتەقە لە نێوان ئەفسەرێکی بەرگری شارستانی و کوڕی ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا دروستبوو و دواتر، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، "لەم زۆنەی ئێمە شتی وا قابیلی قبوڵ نییە."