سەردێڕ:

لەبەردەم نەخۆشخانەی شاری سلێمانی هێرشکرایە سەر تیمی ئێن ئاڕ تی

فۆتۆ: 
2021-06-22

15868 جار خوێندراوەتەوە

لەکاتی ڕووماڵی ئاڵۆزیەکانی ئەمشەوی سلێمانی و لەبەردەم نەخۆشخانەی شار هێزە ئەمنیەکان هێرشیانکردە سەر تیمی ئێن ئاڕ تی و ڕێگریان لێکرا ڕووماڵ بکەن.


ئەمشەو شەڕە تەقە لەنێوان دوو ھێزی سەر بە یەکێتی لە سلێمانی روویدا و بەھۆیەوە نۆ کەس برینداربوون.
چاوگێک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، شەڕەکە لەنێوان پۆلیس و ئاسایش لەلایەک و ھێزە یٔاڵتونییەکانی کۆماندۆ لەلایەکەی دیکە بووە و بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی کراون و دۆخی تەندروستی دوو لە بریندارەکان ناجێگیرە.
ھاوکات، پەیامنێرانی ئێن ئاڕ تی رایانگەیاند، پەیوەندییان بە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی سلێمانییەوە کردووە، بەڵام ھیچ کام لە پەیوەندییەکان بەردەست نەبوون. 
پەیامنێرانی ئێن ئاڕ تی باسیان لەوەشکرد، ماوەی ٢٠ خولەک شەڕەتەقە لەنێوان دوو ھێزە ئەمنییەکەی یەکێتی بەردەوام بووە و ھێزێکی زۆری ئەمینش لە ناو شاری سلێمانی بڵاوەیان پێ کرابوو.

ئەمە یەکەم جار نییە شەڕەتەقە لەنێوان هێزەکانى سەر بە یەکێتى لە سلێمانى رووبدات، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، لە ناو بازگەى تاسڵوجەى سەر بە پارێزگاى سلێمانى شەڕە تەقە لەنێوان هێزێکى کۆماندۆى یەکێتى و ئاسایشەکانى بازگەکەدا روویدا بەهۆیەوە شەش ئاسایش و چوار کۆماندۆ برینداربوون و شاخەوان ئەحمەدیش کە لە ریزی هێزەکانی ئاسایش بوو، گیانى لەدەستدا.

لە هەر مانگی شوباتدا، لە سلێمانی شەڕەتەقە لە نێوان ئەفسەرێکی بەرگری شارستانی و کوڕی ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا دروستبوو و بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، "لەم زۆنەی ئێمە شتی وا قابیلی قبوڵ نییە."