ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان تاقیکردنەوەی خولی یەکەمی ھەردوو وەرزی یەکەم و دووەمی پۆلە ناکۆتاکان دەستیپێکرد و پەروەردەی سلێمانیش دەڵێت، "بە ھاوکاری دەوڵەمەندەکان تاڕادەیەک توانیمانە فێنککەرەوە بۆ قوتابخانەکان دابین بکەین."
عومەر محەمەد جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەمڕۆ تاقیکردنەوەی خولی یەکەمی ھەردوو وەرزی یەکەم و دووەمی پۆلە ناکۆتاکان دەستیپێکرد و لە رۆژی ١ی ٧ تاقیکردنەوەکان کۆتایی دێت، دەشڵێت، ٤٢٨ هەزار لە پارێزگای سلێمانیدا تاقیکردنەوە دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لیژنەیەکی تایبەتمەند بڕیاری لەسەر بابەتە داخڵبووەکانی تاقیکردنەوەکان داوە و شتێک بۆ خوێندکاران داخڵ نابێت کە نەخوێندرابێت."
عومەر محەمەد ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بە ھاوکاری دەوڵەمەندەکان تاڕادەیەک توانیمانە فێنککەرەوە بۆ قوتابخانەکان دابین بکەین، بەڵام وەکو پێویست نییە."
پاش ئەوەی لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠٢٠دا ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتە عێراق و هەرێم، لە مانگی شوباتی ئەو ساڵەدا دەرگای ناوەندەکانی خوێندن داخران و نمرەکانی وەرزی یەکەم بۆ وەرزی دووەمی خوێندکاران هەژمارکران. جگە لە پۆلی ١٢ کە تاقیکردنەوەی نیشتیمانیان ئەنجامدا، تاقیکردنەوەی نیشتیمانی بۆ پۆلی ٩ لابرا.
بۆ خوێندنی ئەمساڵیش، ٢٠٢٠-٢٠٢١، ماوەی کەمتر لە سێ مانگ خوێندکاران لە ناو پۆلەکانیاندا دەوامیان کردووە و لەم هەفتەیەشدا تاقیکردنەوەی کۆتایی پۆلە ناکۆتاکان بەڕێوەدەچێت.
ئەوە سەرەڕای ئەوەی سیستمی ئاوێتە داهێنرا، بەجۆرێک بوو کە خوێندکاران لەرێگای ئۆنلاینەوە و ئەو کۆدە تایبەتەی لە خوێندنگەکانیان پێیان دراوە، وانەکانیان وەردەگرت. بەڵام چەندین جار بەرپرسانی پەروەردە باسیان لەوە کردووە خوێندنی ئۆنلاین جێگای خوێندنی ناوپۆل ناگرێتەوە و هەندێکیشیان باسیان لەوەکردبوو، کە سیستمی ئاوێتە سەرکەوتوو نەبوو.