شەوی رابردوو شەڕەتەقە لەنێوان دوو ھێزی سەر بە یەکێتی لە سلێمانی روویدا و بەھۆیەوە ١٠ کەس برینداربوون.
لەوبارەیەوە، ئومێد عەلی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی رایگەیاند، "سەرجەم بریندارەكانی رووداوەكەی شەوی رابردووی گەڕەكی سەرچنار تەندروستیان جێگیرە و مەترسی لەسەر ژیانیان نییە."
ئومێد عەلی ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە رووداوەكەدا ١٠ كەس لە هەردوو هێزی ئاسایش و هێزی ئاڵتونی برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانە كراون و چارەسەریان بۆ كراوە."
چاوگێک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، شەوی رابردوو شەڕەتەقە لەنێوان دوو ھێزی سەر بە یەکێتی لە سلێمانی روویدا و شەڕەکە لەنێوان پۆلیس و ئاسایش لەلایەک و ھێزە ئاڵتونییەکانی کۆماندۆ لەلایەکەی دیکە بووە.
باسی لەوەشکرد، ماوەی ٢٠ خولەک شەڕەتەقە لەنێوان دوو ھێزە ئەمنییەکەی یەکێتی بەردەوام بووە و ھێزێکی زۆری ئەمینش لە ناو شاری سلێمانی بڵاوەیان پێ کرابوو.
ئەمە یەکەم جار نییە شەڕەتەقە لەنێوان هێزەکانى سەر بە یەکێتى لە سلێمانى رووبدات، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، لە ناو بازگەى تاسڵوجەى سەر بە پارێزگاى سلێمانى شەڕە تەقە لەنێوان هێزێکى کۆماندۆى یەکێتى و ئاسایشەکانى بازگەکەدا روویدا بەهۆیەوە شەش ئاسایش و چوار کۆماندۆ برینداربوون و شاخەوان ئەحمەدیش کە لە ریزی هێزەکانی ئاسایش بوو، گیانى لەدەستدا.
لە هەر مانگی شوباتدا، لە سلێمانی شەڕەتەقە لە نێوان ئەفسەرێکی بەرگری شارستانی و کوڕی ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا دروستبوو و بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، "لەم زۆنەی ئێمە شتی وا قابیلی قبوڵ نییە."