سەردێڕ:

یەكەی ٧٠ی یەکێتی لەسەر شەڕەتەقەکەی سلێمانی هاتەدەنگ

فۆتۆ: 
2021-06-22

83195 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسی یەكەی ٧٠ی هێزەكانی یەكێتی رایگەیاند، كێشەی تەقەكانی ‏شەوی رابردووی سلێمانی چارەسەركراوە.


مستەفا چاوڕەش بەرپرسی یەكەی ٧٠ی هێزەكانی یەكێتی رایگەیاندووە، ئەمڕۆ سێشەممە لە بارەگای ‏یەكەكانی ٧٠ کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامداوە و كێشەی تەقەكانی شەوی رابردوویان چارەسەر كردووە، ‏دەشڵێت، "لە كۆبوونەوەكەدا نوێنەری سەرجەم هێزە ئەمنییەكان ‌و نوێنەری جەعفەر مستەفاش ئامادەبووە و بە رێككەوتن ‌و رەزامەندیی هەموویان ‏كێشەكە چارەسەركراوە."

مستەفا چاوڕەش ئاماژەی بەوەشکردووە، "لایەنی كەمتەرخەمیش لە رووداوەكەدا روبەڕوی دادگا ‌و یاسا دەكرێتەوە."

چاوگێک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، شەوی رابردوو شەڕەتەقە لەنێوان دوو ھێزی سەر بە یەکێتی لە سلێمانی روویدا و شەڕەکە لەنێوان پۆلیس و ئاسایش لەلایەک و ھێزە ئاڵتونییەکانی کۆماندۆ لەلایەکەی دیکە بووە.

باسی لەوەشکرد، ماوەی ٢٠ خولەک شەڕەتەقە لەنێوان دوو ھێزە ئەمنییەکەی یەکێتی بەردەوام بووە و ھێزێکی زۆری ئەمینش لە ناو شاری سلێمانی بڵاوەیان پێ کرابوو.

ئەمە یەکەم جار نییە شەڕەتەقە لەنێوان هێزەکانى سەر بە یەکێتى لە سلێمانى رووبدات، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، لە ناو بازگەى تاسڵوجەى سەر بە پارێزگاى سلێمانى شەڕە تەقە لەنێوان هێزێکى کۆماندۆى یەکێتى و ئاسایشەکانى بازگەکەدا روویدا بەهۆیەوە شەش ئاسایش و چوار کۆماندۆ برینداربوون و شاخەوان ئەحمەدیش کە لە ریزی هێزەکانی ئاسایش بوو، گیانى لەدەستدا.

لە هەر مانگی شوباتدا، لە سلێمانی شەڕەتەقە لە نێوان ئەفسەرێکی بەرگری شارستانی و کوڕی ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا دروستبوو و بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، "لەم زۆنەی ئێمە شتی وا قابیلی قبوڵ نییە."