جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هیچ دەستێوەردانێک لە دۆسیەی تەقەکردنەکانی شەوی رابردووی سلێمانیدا ناکات، دەشڵێت، "ئەگەر پێویستبکات نەک کچەکەم، ئامادەم خۆشم بچمە بەردەم دادوەر."
جەعفەر مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، "پۆلیس و ئاسایش ئەرکێکی قورس لەسەر شانیانە و ئەرکیانە رێگری یاساشکێنی بکەن"، دەشڵێت، "من ناتوانم ھیچ لایەنێک لەسەر رووداوەکەی دوێنێ تۆمەتباربکەم."
جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە ئێستادا چاوەڕوانی لێکۆڵینەوەکان دەکەین و بوونی بریندار لە روبەڕوبوونەوەکاندا خەمباری کردم"، دەشڵێت، "من هیچ دەستێوەردانێک لە دۆسیەکەدا ناکەم و ئەگەر پێویستبکات نەک کچەکەم، ئامادەم خۆشم بچمە بەردەم دادوەر."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "راستە لە رووداوەکەدا کچێکی من لەوێ بووە، بەڵام تەنیا خۆی و منداڵێکی ساوای پێبووە، نە پاسەوانی هەیە و نە شۆفێر و بۆ راگەیاندنی هۆکاری شەڕەکە و هەڵگیرسێنەرانیش، پێویستە چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بکەین."
شەوی رابردوو شەڕەتەقە لەنێوان دوو ھێزی سەر بە یەکێتی لە سلێمانی روویدا و بەھۆیەوە ١٠ کەس برینداربوون.
هاوکات، ماوەی ٢٠ خولەک شەڕەتەقە لەنێوان دوو ھێزە ئەمنییەکەی یەکێتی بەردەوام بووە و ھێزێکی زۆری ئەمینش لە ناو شاری سلێمانی بڵاوەیان پێ کرابوو.
ئەمە یەکەم جار نییە شەڕەتەقە لەنێوان هێزەکانى سەر بە یەکێتى لە سلێمانى رووبدات، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، لە ناو بازگەى تاسڵوجەى سەر بە پارێزگاى سلێمانى شەڕە تەقە لەنێوان هێزێکى کۆماندۆى یەکێتى و ئاسایشەکانى بازگەکەدا روویدا بەهۆیەوە شەش ئاسایش و چوار کۆماندۆ برینداربوون و شاخەوان ئەحمەدیش کە لە ریزی هێزەکانی ئاسایش بوو، گیانى لەدەستدا.
لە هەر مانگی شوباتدا، لە سلێمانی شەڕەتەقە لە نێوان ئەفسەرێکی بەرگری شارستانی و کوڕی ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا دروستبوو و بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، "لەم زۆنەی ئێمە شتی وا قابیلی قبوڵ نییە."