وتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، کاتژمێر ٥ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ تەرمی هاوڵاتییەک بەناوی (جوانڕۆ کەرێم) لەگندی پەلکەڕەشی سەر بە ناحیەی دێگەڵە دۆزراوەتەوە و ناوبراو پێشمەرگە بووە لە وەزارەتی پێشمەرگە.
ئەمڕۆ سێشەممە، هۆگر عەزیز وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لەراگەیەندراوێکدا باسی لەوەکرد، تەرمی هاوڵاتییەک لەگوندی پەلکەڕەشی سەر بە ناحیەی دێگەڵە دۆزراوەتەوە و هاوڵاتییەکە پێشمەرگە بووە لە وەزارەتی پێشمەرگە.
وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەکردووە، هاوڵاتییەکە ناوی (جوانڕۆ کەریم)ە و تەمەنی ٤٤ ساڵ بووە و دانیشتووی سلێمانییە و بەڵام دەوامەکەی لەشاری هەولێر بووە، پاش گەشتنی هێزەکانی پۆلیس بۆ شوێنی رووداوەکە، دەرکەتووە کە ئەو هاوڵاتییە پێشمەرگە بووە لە وەزارەتی پێشمەرگە.
هۆگر عەزیز باسی لەوەشکردووە، لەئێستادا پۆلیس دەستی بەلێکۆڵینەوە کردووە بۆ گەیشتن بە هۆکاری ڕاستی و ڕوونی ڕووداوەکە، لە ئایندەیەکی نزیکدا زانیاری زیاتر دەخەینە ڕوو.
هاوکات، هونەرمەند جەزای ساز کە ئەندامی دەستەی باڵای کۆمەڵەی هونەرمەندانی میللی کوردستانە لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، تەرمی هونەرمەند جوانڕۆی باڵەبان لە هەولێر دۆزراوەتەوە.
پاش ئەوەی شەوی رابردوو لەماڵ دەچێتەدەرەوە، بەڵام ناگەڕێتەوە ماڵەوە و کاتژمێر ٥ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆش تەرمی هونەرمەند جوانڕۆی باڵەبان لە دێگەڵە دۆزرایەوە.
نـ، غـ