فۆتۆ:
2021-06-22
751 جار خوێندراوەتەوە
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان لەبارەی هێرشکردنە سەر تیمەکانی کەناڵەکانی راگەیاندن لە ساتی روماڵی شەڕەتەقەکەی شەوی رابردووی سلێمانیدا راگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "رۆژنامەنووسان هەڕەشە نین بۆسەر سەقامگیری و ئارامی سلێمانی بەڵکو ئەو هێزانە هەڕەشەن كە تەقە لە هێزی فەرمی دەكەن و باكیان بە یاسا نییە."
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان لە راگەیاندراوێکدا نووسیویەتی، "پاش رووداوەکەی شەوی رابردووی سلێمانی، پەیامنێری كەناڵەكان روویان كردە نەخۆشخانەی شار بە مەبەستی زانینی ژمارەی قوربانی رووداوەكە، هێزێكی ئەمنی كە لە نزیك نەخۆشخانەكە بڵاوەیان پێكرابوو، رێگرییان لەو تیمانە كرد، "هێزە ئەمنیییەكان هێرشیان كردە سەر تیمی كەناڵی ئێن ئاڕ تی "كارزان تاریق و محەمەد حەسەن" و بۆ ماوەیەك لە ئۆتۆمبێلێكی میگزەمینی دەستبەسەریانکردن."
کارزان تاریق پەیامنێری ئێن ئار تی بە میترۆی راگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکان دەستیان گرتووە بەسەر مۆبایل و كەرەستەی رۆژنامەوانی تیمەكەدا و لە ئۆتۆمبێلێکی ئەو هێزانەدا هێشتوویاننەتەوە، دوای نزیکەی نیو کاتژمێر ئازادیان کردوون و کەلوپەلەکانیان بۆ گەراندوونەتەوە.
کارزان بە میترۆی وتووە، هێزەکان پێیان وتوون، "لەو ناوچەیەدا دووربکەونەوە و روماڵ قەدەغەیە."
لەو بارەیەوە سەنتەری میترۆ دەڵێت، "رۆژنامەنووسان هەرەشە نین بۆسەر سەقامگیری و ئارامی شاری سلێمانی تا هێزی ئەمنی و هێزی نەناسراو بە زەبر و زەنگ مامەڵەیان لەگەڵدا بكەن، ئەوەی هەڕەشەن بۆسەر سەقامگیری؛ ئەو هێزانەن كە تەقە لە هێزی رەسمی دەكەن و باكیان نییە بە یاسا."
شەوی رابردوو شەڕەتەقە لەنێوان دوو ھێزی سەر بە یەکێتی لە شاری سلێمانی روویدا و بەھۆیەوە ١٠ کەس برینداربوون.
ماوەی ٢٠ خولەک شەڕەتەقە لەنێوان دوو ھێزە ئەمنییەکەی یەکێتی بەردەوام بوو و ھێزێکی زۆری ئەمینش لە ناو شاری سلێمانی بڵاوەیان پێکرابوو.
ئەمە یەکەم جار نییە شەڕەتەقە لەنێوان هێزەکانى سەر بە یەکێتى لە سلێمانى رووبدات، لە مانگی شوباتی ئەمساڵیشدا، لە ناو بازگەى تاسڵوجەى سەر بە پارێزگاى سلێمانى شەڕە تەقە لەنێوان هێزێکى کۆماندۆى یەکێتى و ئاسایشەکانى بازگەکەدا روویدا بەهۆیەوە شەش ئاسایش و چوار کۆماندۆ برینداربوون و شاخەوان ئەحمەدیش کە لە ریزی هێزەکانی ئاسایش بوو، گیانى لەدەستدا.
هەر لە مانگی شوباتدا، لە سلێمانی شەڕەتەقە لە نێوان ئەفسەرێکی بەرگری شارستانی و کوڕی ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا دروستبوو و دوای رووداوەکە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، "لەم زۆنەی ئێمە شتی وا قابیلی قبوڵ نییە."
هـ.ئـ