سەردێڕ:

ئاسایشی سلێمانی لەبارەی رووداوی شەڕەتەقەکە روونکردنەوە دەدات

فۆتۆ: 
2021-06-22

14581 جار خوێندراوەتەوە

ئاسایشی سلێمانی لەبارەی رووداوی شەڕەتەقەکەی شەوی رابردووی گەڕەکی سەرچنار رایگەیاند، شۆفێرێک پابەند نەبووە بە رێکار و رێنماییە ياساييەكان و پاش گرفت دروستکردن، ھێزێکی چەکداری بەکارهێناوە و هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەو ھێزە ئەمنییەی کە لەئەرکدابوون."


ئاسایشی سلێمانی راگەیاندراوێکی لەبارەی رووداوی شەڕەتەقەکەی شەوی رابردووی گەڕەکی سەرچنار بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، رووداوەکە کاتژمێر ١١ و ٣٠ خولەکی شەوی رابردوو بووە، دەڵێت، ھێزەکانیان بە ھاوبەشی لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکان لە لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی، لەسەر شەقامی جەواھیری لەگەڕەکی سەرچنار لە ئەرکێکی فەرمیدا بوون.

لەبارەی هۆکاری رووداوەکەوە ئاماژەیان بەوەکردووە، "شۆفێرێک پابەند نابێت بە رێکار و رێنماییە ياساييەكان و پاش گرفت دروستکردن، ھێزێکی چەکدار بەشێوازێکی دەرچوون لە یاسا بەکاردەھێنێت و ھەڵدەکوتنە سەر ئەو ھێزە ئەمنییەی کە لە ئەرکدا بوون، بەتەقەکردن روبەڕوی ھێزە ھاوبەشەکە بوونەتەوە و سەرئەنجام شەش کارمەندی ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی و كارمەندێکی هێزەكانى فرياكەوتنى بەڕێوەبەرایەتى پۆليسى سلێمانى برينداربوون و رەوانەی نەخۆشخانەکراون بەمەبەستی چارەسەر."

ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، رێوشوێنە یاسییەکان بۆ لیژنەی  لێکۆڵینەوە جێدەھێڵین.

شەوی رابردوو شەڕەتەقە لەنێوان دوو ھێزی سەر بە یەکێتی لە شاری سلێمانی روویدا و بەھۆیەوە ١٠ کەس برینداربوون.

ماوەی ٢٠ خولەک شەڕەتەقە لەنێوان دوو ھێزە ئەمنییەکەی یەکێتی بەردەوام بوو و ھێزێکی زۆری ئەمینش لە ناو شاری سلێمانی بڵاوەیان پێکرابوو.

ئەمە یەکەم جار نییە شەڕەتەقە لەنێوان هێزەکانى سەر بە یەکێتى لە سلێمانى رووبدات، لە مانگی شوباتی ئەمساڵیشدا، لە ناو بازگەى تاسڵوجەى سەر بە پارێزگاى سلێمانى شەڕە تەقە لەنێوان هێزێکى کۆماندۆى یەکێتى و ئاسایشەکانى بازگەکەدا روویدا بەهۆیەوە شەش ئاسایش و چوار کۆماندۆ برینداربوون و شاخەوان ئەحمەدیش کە لە ریزی هێزەکانی ئاسایش بوو، گیانى لەدەستدا.

هەر لە مانگی شوباتدا، لە سلێمانی شەڕەتەقە لە نێوان ئەفسەرێکی بەرگری شارستانی و کوڕی ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا دروستبوو و دوای رووداوەکە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، "لەم زۆنەی ئێمە شتی وا قابیلی قبوڵ نییە."

هـ.ئـ