وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێم رایگەیاند، بەهۆی گرفتێکی تەکنیکییەوە لە هەردوو وێستگەی غازی هەولێر و سلێمانی رۆژانە بڕی ٤٠٠ مێگاوات کارەبامان لەدەستچووە، دەشڵێت، "ھەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ گەڕاندنەوەی".
ئەمڕۆ سێشەممە، ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە، "ماوەی چەند رۆژێکە تووشی گرفتێکی تەکنیکی بووین لە ھەردوو وێستگەی غازیی ھەولێر و سلێمانی، چونکە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە و بەو ھۆیەوە ٤٠٠ مێگاوات کارەبا لە دەست ئێمە چووە"، ئەوەشی خستووەتەڕوو، ھەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ گەڕاندنەوەی کارەبای لەدەستچوو، بەڵام کاتی گەڕانەوەی دیار نییە و پەیوەستە بە نۆژەنکردنەوەی ھەردوو وێستگەکەوە.
ئومێد ئەحمەد ئاماژەی بەوەشدا، بڕیارە پارە بۆ پرۆسەی چاکسازی لەو یەکانەی کارەبادا تەرخان بکرێت و رەوشی کارەبا بگەڕێتەوە رەوشی پێشووی.
لەبارەی دابینکردنی کارەبای پێویست بۆ خوێندکاران کە لە ئێستادا لە قۆناغی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی خوێندنن، وتە بێژەکەی وەزارەتی کارەبا وتیشی، "وەزارەتی کارەبا توانیویەتی بۆ ئەمڕۆ ٣٠٠ میگاوات کارەبا لە بەرھەمھێنانی زیاد بکات، بۆ دابینکردنی کارەبای زیاتر و لەبەرچاوگرتنی رەوشی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی قوتابییان"، دەشڵێت، "ئەوە بەئاسانی نەبووە، بەڵکو زیادکردنی کاتژمێرەکانی کارەبا دوای ئەوە ھاتووە وەزارەت فشارێکی زۆری بەکارھێناوە، لە بەردانەوەی ئاو و دابینکردنی گازوایل و راگرتنی چەند کارگەیەک."
ئەمە لە کاتێکدایە، بەدرێژایی ٣٠ ساڵی حوکمڕانی دەسەڵاتی کوردی لە هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی چەندین جار لەلایەن بەرپرسانی هەر دوو حزبی دەسەڵاتدارەوە بەڵێنی چارەسەرکردنیان داوە، تا ئێستا کێشەی کارەبا بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە و بەردەوام کێشە و گرفتی نوێ سەرهەڵدەدەن و کەڵەکە دەبن.
كـ، ئـ