یەکێک لە دەستگیرکراوانی بادینان بە ساڵێک و دوو مانگ سزادرا و پارێزەرەکەشی دەڵێت، "تانەمان لە بڕیارەکەی دادگا داوە."
رێڤینگ یاسین پارێزەرێکی خۆبەخشی کەیسی سزادراوانی بادینان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئومێد بەرۆشکی، کە یەکێکە لە دەستگیرکراوانی بادینان بە ساڵێک و دوو مانگ سزادرا، کە شەش کەیسی لەسەر تۆمارکراوە، کە دانیشتنی دادگا لەسەر سێ کەیسیان بەڕێوەچووە.
وتیشی، لەسەر دوو کەیس لەو سێ کەیسەی دانیشتنی دادگای بۆ بەڕێوەچووە، دوو کەیسیان سزای شەش مانگ و کەیسێکی دیکەیان سزای دوو مانگی بۆ دەرکراوە، کە بە هەموویانەوە دەکاتە ساڵێک و دوو مانگ.
ئەو پارێزەرە روونیشیکردەوە، "تانەمان لەو بڕیارە داوە و نارازیبوونی خۆمان راگەیاندووە."
باسی لەوەشکرد، بەتۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، ئەو سزایە بەسەر ئەو رۆژنامەنووسەدا سەپێنراوە، کە پێشتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، نوسین و رەخنەى دژى دەسڵات بڵاوکردەوەتەوە.
ئومێد حاجی بەرۆشکی کە وەک جالاکوان و رۆژنامەنووس لە دهۆکدا کاریدەکرد. لە ٢٠ی مانگی هەشتی ساڵی رابردوودا، لەگەڵ ٧٥ رۆژنامەوان و چالاکوانی بادیناندا دەستگیرکرا.
لە ناوەڕاستی مانگی شوباتیشدا، لە دادگای هەولێر دادگایی پێنج رۆژنامەنووس و چالاکوانی بادینان بەڕێوەچوو، کە تیایدا بەپێی هەردوو ماددەی یەکی ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ تایبەت بە هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی سزای شەش ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا.
ئەوەش ناڕەزایەتی و کاردانەوەى رای گشتی و بەشێک لەلایەنە سیاسیەکان و پەرلەمانتارانی بەدوای خۆیدا هێنا و بە بڕیارێکی نادادپەروەرانەی دەزانن.
هـ.ئـ