سەردێڕ:

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: یاسا رێگا بە ئازادکردنی بە کەفالەت بۆ دەستگیرکراوان دەدات بەڵام ئاسایش رێگا نادات

فۆتۆ: 
2021-06-22

3157 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا لە راپۆرتى ساڵانەى خۆیدا کە لەسەر رەوشى مافەکانى مرۆڤ رایگەیاند، ئازادى ڕادەربڕین لە هەرێمى کوردستان لە ژێر هەڕەشەدایە و دەشڵێت، "یاسا رێگا بە ئازادکردنی بە کەفالەت بۆ دەستگیرکراوان دەدات بەڵام ئاسایش رێگا نادات."


ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئازادی رادەربڕین لەژێر هەڕەشەدایە و "سەرکردە باڵاکانى حکومەتى هەرێم لە رووى سیاسییەوە کاریگەریان هەبووە لەسەر کەیسە هەستیارەکان لە ئەنجومەنى دادوەریی."

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتی ساڵانەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەرچەندە ئەنجومەنى دادوەرى کوردستان لە رووى یاسایى، دارایى و کارگێڕییەوە سەربەخۆیە لە وەزارەتى داد حکومەتى هەرێمى کوردستان، بەڵام سەرکردە باڵاکانى حکومەتى هەریمى کوردستان کاریگەرییان هەبووە لەسەر کەیسە هەستیارەکان لەرووى سیاسیەوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، لەمانگی ئابی ساڵی رابردوودا رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەراپۆرتێکی تایبەتدا ئاشكرایکرد، کە "ئەندامانی چەکداریی ئاسایشی حکومەتی هەرێمی کوردستان چوونەتە سەر ماڵی مامۆستا و چالاکوان (بەدەل عەبدالقادر ابوبکر) لەشاری دهۆک و بەبێ فەرمان دەستگیریانکردووە"، ئەوەش هاتووە، "یاسا رێگادەدات بە ئازادکردن بە کەفالەتی کەسیی بۆ دەستگیرکراوان بەڵام ئاسایش رێگا نادات."

لەبارەی دۆخی زیاندانیانیشەوە، راپۆرتەکە ئەوەی خستوەتەڕوو، دۆخى زیندانیان لە هەرێمى کوردستان لە ئاستێکى خراپدایە و زیادبوونى ژمارەى بەندکراوان بەرزترە لە تواناى دیاریکراو لە هەر شەش بنکەکانى چاکسازى لە هەرێمى کوردستان .

بەپێى زانیارى راپۆرتەکە، هەرێمى کوردستان بەشێوەیەکى ناتەبا لێبوردن و جێبەجێکردنى حکومەکانى یاساى تاوانیان پەیڕەوکردووە، لە مانگى ئابیشدا هێزەکانى ئاسایش ٥٠ چالاکوان و رۆژنامەنووسیان دەستگیرکردووە کە بەپێى وتەى چاودێران ئەو دەستگیرکردنانە نایاسایى بوون.

بە پێى زانیارى راپۆرتەکەى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا، ئەو رۆژنامەنووس و چالاکوانانەى لە هەرێمى کوردستان ڕەخنەیان لە دەسەڵاتگرتووە و بەشدارى خۆپیشاندانەکانیان کردووە و روبەڕوى هەڕەشە و دەستدرێژى بونەتەوە و هەندێکجاریش سانسۆرەکانى حکومەت بوونەتە هۆى دەستوەردان لە کارەکانى راگەیاندن و سنوردارکردنى دەست گەیشتن بە زانیارییە گشتیەکان.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، یاسای رۆژنامەگەرى لە هەرێمى کوردستان و عێراق رێگاى نەداوە بە داخستنى کەناڵەکانى راگەیاندن، بەڵام لە هەرێمى کوردستان کەناڵە ئەهلى و ئۆپۆزسیۆنەکان روبەڕوى داخستن بوونەتەوە.

لەبارەی ئازادی رۆژنامەگەری و میدیاشەوە، راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، یاسای رۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی نەداوە بە حکومەتی هەرێم بۆ داخستنی کەناڵەکانی راگەیاندن، بەڵام لەمانگی ئاب و کانونی یەکەمدا حکومەتی هەرێم ئۆفیسی رادیۆ و تەلەفزیۆنی (NRT) داخست بەهۆی روماڵی کەناڵەکە بۆ خۆپیشاندانەکان.

ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ راپۆرتی خۆی تایبەت بە رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، راپۆرتەکە بە هەر سێ زمانەکانی کوردی، ئینگلیزی و عەرەبی و لەچوارچێوەی ٥٩ لاپەڕەدا، تەواوی بۆچوونەکانی حکومەتی ئەمریکای لەسەر رەوشی مافی مرۆڤ لە عێراق و هەرێم خستەڕوو.

نـ، غـ