لە کۆمەڵگەی بەردەقارەمانی سەر بە ناحیەی بازیان هاوڵاتیان بەهۆی نەبوونی کارەبای گشتی و مۆلیدەوە گردبوونەتەوە و چوونەتە سەر وێستگەی کارەبای ناوچەکەیان.
کەمێک پێش ئێستا، بەشێک لەدانیشتووانی کۆمەڵگەی بەردەقارەمانی سەر بە ناحیەی بازیان، دژی نەبوونی خزمەتگوزاری کارەبای گشتی و کارەبای مۆلیدە، هەلی کار و خزمەتگوزارییە جیاوازەکان، گردبوونەوە و چوونە سەر وێستگەی کارەبای ناوچەکەیان.
هاوکات، بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان لەبارەی گردبوونەوەی ئەو هاوڵاتیانەوە ئاماژەی بەوەکرد، "سیستەمی دابەشکردنی وزەی کارەبا ناوەندییە و پەیوەندی بە ئێمەوە نییە."
لەچوارچێوەی گردبوونەوەکەیاندا، هاوڵاتیانی بەردەقارەمان بۆ ئێن ئاڕ تی ئەوەیان وت، "وێستگەی کارەبا و کارگەکانی ناوچەکەمان هیچ سودێکی بۆ ئێمە نییە" و داوای دابینکردنی کارەبای نیشتیمانییان کرد.
ئاماژەیان بەوەشکرد، "هەرچەندە وێستگەی کارەبا لە ئێمەوە نزیکە، بەڵام هیچ سودێکی بۆ ئێمە نییە و بۆیە دەمانەوێت بیکوژێنینەوە".
ساڵانەش، لەکاتی نزیکبوونەوەی وەرزەکانی گەرما و سەرما کاتی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا کەم دەبێتەوە و لەئێستاشدا کە وەرزی هاوینە و پلەکانی گەرما لەبەرزبوونەوەی بەردەوامدایە، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.