ئەندامێکی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت:" موستەحیلە بەغدا هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەرێم بنێرێت مەگەر سیاغەیەکی تر بدۆزنەوە کە پێچەوانەی یاسای بودجە نەبێت".
ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند:" لەدوای بڵاوبونەوەی هەواڵی ناردنی تریلیۆنێک و 200ملیار دینار لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەبەغداوە بۆ هەرێم زۆر هیوام دەخواست کە ئەوهەواڵە ڕاست بێت، بەڵام دڵنیا بوم کە ئەو هەواڵە ڕاست نییە، چونکە بڕیارێکی لەو شێوەیە لەدەسەڵاتی حکومەتی فیدڕاڵی نییە بڕیارێک دەربکات پێچەوانەی یاسای بودجە بێت، ئەگەر بڕیارێکی پێچەوانەی یاسای پەرلەمان بدات لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت".
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی ڕوونکردەوە، موستەحیلە بەغدا هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەرێم بنێرێت مەگەر سیاغەیەکی تر بدۆزنەوە کە پێچەوانەی یاسای بودجە نەبێت، بەڵام تا ئێستا هیچ سیاغەیەکی قانونی بوونی نییە، بۆیە لەهەموو حاڵەتەکاندا دەکرێت بەشێوەی قەرزو تەنها بۆیەکجار بەغدا نزیکەی ٢٠٠ ملیارێک بداتە حکومەتی هەرێم، بەڵام ئەوەش هێشتا یەکلا نەبووەتەوە.
هەفتەی رابردوو سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند رێککەوتن کراوە لەگەڵ بەغداو لەتویتێکدا رایگەیاندبوو:"خۆشحاڵم ڕایبگەیەنم كە گەیشتووینەتە ڕێکەوتنێك كه بهشه بودجهی هەرێمی کوردستان بگهڕێندرێتهوه، ئهمهش لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە حيساب دەکرێت بە (أثر رجعي)".
ماوەی زیاتر لە دوو مانگە، بودجەی عێراق پەسەندکراوە، پشکى هەرێم لە بودجەی عێراق بە ١٢.٦٧٪ دیارییکراوە، لە بەرامبەردا، حکومەتى هەرێم پابەندکراوە بە رادەستکردنى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە نرخى سۆمۆ لەگەڵ رادەستکردنى نیوەی لە داهاتی خاڵە سنورییەکان، بەڵام تا ئێستا حکومەتی هەرێم هیچ بڕە نەوتێکی نەناردووەو حکومەتی فیدراڵیش هیچ بڕە پارەیەکی بۆ هەرێم نەناردووە.