بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دھۆك رایگەیاند، بەھۆی مەترسییەكانی شەڕی پەکەکە و تورکیاوە زیاتر لە ٢٠ شوێنی گەشتیاری لە سنوری قەزای زاخۆ داخراون و شەڕی پەكەكە و توركیا زیانی بە كەرتی گەشتیاری گەیاندووە.
خەیری عەلی بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دھۆك بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی باسی لەوەکردووە، بەھۆی شەڕی نێوان پەكەكە و سوپای توركیاوە، گەشتیاران ناتوانن سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانی سنوری پارێزگای دھۆك بكەن و تەنیا لە سنوری قەزای زاخۆش زیاتر لە ٢٠ شوێنی گەشتیاری داخراون و لە ئێستادا ھیچ گەشتیارێك سەردانیان ناكات.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دھۆك ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو شوێنانە ئەگەر پەكەكەشی تێدا نەبێت، بەڵام نزیكە لەو ناوچانەی بوونەتە مەیدانی شەڕی نێوان پەكەكە و توركیا، بۆیە گەشتیار ناتوانن سەردانی ئەو شوێنە گەشتیارییانە بكەن و مەترسییان لەسەرە.
خەیری عەلی ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەمساڵ بەھۆی ئاڵۆزیی رەوشی ئەمنیی ناوچەكەوە، پشكی شێری زیانەكان بەر كەرتی گەشتیاری كەوتوون، بەڵام ئەوان لەهەوڵدان بۆ ئاساییبوونەوەی رەوشی ئەو ناوچانە و دەیانەوێت كارئاسانی بكەن تا گەشتیاران دووبارە بگەڕێنەوە ئەو شوێنە گەشتیارییانە.
ماوەی چەندین ساڵە گرژییەکانی نێوان سوپای تورکیا و چەکدارانی پەکەکە لەناوچەکانی بادینان بەردەوامە و لەماوەی رابردووشدا، سوپای تورکیا دەستیکرد بەبڕینەوەی دارستانەکانی ئەو ناوچەیە و زیانێکی زۆری بە ژینگە و سروشتی ئەو ناوچەیە گەیاند، سەرباری ئەوەی بەهۆی بۆردومانە بەردەوامەکانەوە چەندین گوند چۆڵیانکردووە و زیانی گیانیی و ماددیش بەر دانیشتووانی ئەو ناوچەیە کەوتووە.
نـ.غـ