بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتوچۆی دهۆک رایگەیاند، لەرووداوێکی هاتوچۆدا لەقەزای شێخان پێنج کەس برینداربوون و زیانێکی زۆریش بەر ئۆتۆمبێلەکانیش کەوتووە، لەرووداوێکی هاتوچۆی دیکەشدا لە تونێلی زاخۆ دوو کەس برینداربوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئازاد تەها بەڕێوبەری راگەیەندنی هاتوچۆی دهۆک بۆ ئێن ئاڕتی باسی لەوەکرد، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەسەر رێگای هەولێر و دهۆک لەسنووری قەزای شێخان لەنزیک گوندی مەلا بروان ئۆتۆمبێلێک لە جۆری مینی پاس خۆی کێشاوە بە پەرژینی نێوان شەقامەکە و لەئەنجامدا پێنج کەس برینداربوون.
بەڕێوبەری راگەیەندنی هاتوچۆی دهۆک ئاماژەی بەوەشکردووە، لەرووداوێکی دیکەی هاتوچۆدا لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلدا لە تونێلی زاخۆ دوو کەس برینداربوون.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم لە ساڵی رابردوودا، لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و ٣٨٦ هەزار و ٢١٤ سەرپێچی تۆمارکراون و دوو هەزارو ٨٩٧ رووداویش روویانداوە، لەو ژمارەیەش ٤٣٢ کەس گیانیان لەدەستداوە.