بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، گرژییەکان لەنێوان پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" و پارتی نییە، بەڵکو لەنێوان پەکەکە و حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بی بی سی تورکی راگەیاندووە، پەکەکە ٣٠ ساڵە لە ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان جێگیر بووە و خۆشی بە جێگرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەزانێت.
وتووشییەتی، هێزی پێشمەرگە لەژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەیە، کە وەزارەتێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆیە کێشەکە لەنێوان پەکەکە و پارتیدا نییە، بەڵکو لە نێوان پەکەکە و حکومەتی هەرێمی کوردستانە، ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو گرژییانەی لە ناوچە سنورییەکان دروست بووە، پەکەکە لێی بەرپرسە.
ئەمە لەکاتێکدایە، ٥ی ئەم مانگە، وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکرد، "بەرەبەیانی رۆژی شەممە، ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢١، هێزێکی پێشمەرگە، لەلایەن هێزێکی (پەکەکە)ەوە بۆسەیەکیان بۆ دانراوە، لە ئەنجامدا پێنج پێشمەرگە شەهید بوون چوار پێشمەرگەی تریش برینداربوون."
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، ئەو هێزەی پێشمەرگە بەمەبەستی پاراستنی خەڵک و گوندەکانی ناوچەکە و گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ دەڤەرەکە لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکێکی سەربازی لەچیای مەتینی قەزای ئامێدی کەوتوونەتە بۆسەکەوە و وتەبێژی هەپەگەش دەڵێت، ئەو ناوچانە شوێنی نیشتەجێبوون نین.
هاوکات، میدیاکانی پەکەکە راگەیەنراوێکی هەپەگەیان بڵاوکردەوە و تیایدا هۆشداری دەدات بە پارتی و دەڵێت، "ئەو هێرشە ئێمە ئەنجاممان نەداوە و نازانین چۆن روویداوە، داوا لەو هێزانە دەکەین کە لە پشتەوە خەنجەرمان لێنەدەن و خوێنی خوشک و برا نەڕێژن، بۆیەش داواکەمان ئاراستەی گەل و هێزەکان دەکەین."
پێشتریش میدیاکانی پەکەکە بڵاویانکردبووەوە، "پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتژمێر ٤:٠٠ی بەرەبەیانی هەمان رۆژەوە، هێزێکی زۆری سەربازیی بەرەو ناوچەکانی گەریلا لە ئامێدی و مەتین جووڵاندووە."
لەو بارەیەشەوە، ئەو هێزەی پێشمەرگەی بۆمبەکەیان پێدا تەقیوەتەوە، سەر بە هێزی پێشمەرگەی زێرەڤانی بوون و بە مەبەستی دانانی خاڵێکی نوێ لەسەر چیای مەتینا چووبوونە ئەو شوێنە.
هـ.ئـ