سەردێڕ:

سی پی جی لەسەر بڕیاری ساڵێک زیندانیکردن بۆ ئومێد بەرۆشکی هاتەدەنگ

فۆتۆ: 
2021-06-23

1354 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی دوێنێ یەکێک لە دەستگیرکراوانی بادینان بە ساڵێک و دوو مانگ سزادرا، لەراگەیەندراوێکدا رێکخراوی داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان ناسراو بە سی پی جەی باسی لەوەکرد، "جارێکی دیکە حکومەتی هەرێم ویستی خۆی بۆ بەرتەسککردنەوەی مەودای ئازادی رۆژنامەگەری و دەزگا میدیاییەکان لەهەرێم دەربڕی".


رێکخراوی داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان ناسراو بە سی پی جەی جەختی لەدەستبەجێ ئازادکردنی ئەو رۆژنامەنووسەکردووەتەوە و دەشڵێت، "پێویستە دەسەڵاتدارانی کورد لە هەرێمی کوردستان دەستبەجێ ئومێد بەرۆشکی ئازادبکەن و تەواوی ئەو تاوانانەشی کە رووبەڕووی کراوەتەوە کۆتایی پێبهێندرێت و کۆتایی بە فشارکردن و دەستدرێژیکردن بۆ سەر میدیاش بهێنن".

دوابەدوای بڕیارەکەی دادگای دهۆک، رێکخراوەکە دەستبەجێ لەرێگای ئیمەیڵەوە پەیوەندی بە دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێوەدەوڵەتییەکانی هەرێم کردووە و بەڵام تا ئێستا لەلایەن دیندار زێبارییەوە "هیچ وەڵامێکیان لەبارەی بڕیارەکەی دادگاوە بەدەست نەگەشتووە".

دوێنی، رێڤینگ یاسین پارێزەرێکی خۆبەخشی کەیسی سزادراوانی بادینان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئومێد بەرۆشکی، کە یەکێکە لە دەستگیرکراوانی بادینان بە ساڵێک سزادرا، کە شەش کەیسی لەسەر تۆمارکراوە، کە دانیشتنی دادگا لەسەر سێ کەیسیان بەڕێوەچووە.

هاوکات، وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا لە راپۆرتى ساڵانەى خۆیدا کە لەسەر رەوشى مافەکانى مرۆڤ کە دوێنێ بڵاویکردەوە رایگەیاند، ئازادى ڕادەربڕین لە هەرێمى کوردستان لە ژێر هەڕەشەدایە و دەشڵێت، "یاسا رێگا بە ئازادکردنی بە کەفالەت بۆ دەستگیرکراوان دەدات بەڵام ئاسایش رێگا نادات."

لەراپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، هەرێمى کوردستان بەشێوەیەکى ناتەبا لێبوردن و جێبەجێکردنى حکومەکانى یاساى تاوانیان پەیڕەوکردووە، لە مانگى ئابیشدا هێزەکانى ئاسایش ٥٠ چالاکوان و رۆژنامەنووسیان دەستگیرکردووە کە بەپێى وتەى چاودێران ئەو دەستگیرکردنانە نایاسایى بوون.

بەپێى زانیارى راپۆرتەکەى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا، ئەو رۆژنامەنووس و چالاکوانانەى لە هەرێمى کوردستان ڕەخنەیان لە دەسەڵاتگرتووە و بەشدارى خۆپیشاندانەکانیان کردووە و روبەڕوى هەڕەشە و دەستدرێژى بونەتەوە و هەندێکجاریش سانسۆرەکانى حکومەت بوونەتە هۆى دەستوەردان لە کارەکانى راگەیاندن و سنوردارکردنى دەست گەیشتن بە زانیارییە گشتیەکان.

لەبارەی ئازادی رۆژنامەگەری و میدیاشەوە، راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، یاسای رۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی نەداوە بە حکومەتی هەرێم بۆ داخستنی کەناڵەکانی راگەیاندن، بەڵام لەمانگی ئاب و کانونی یەکەمدا حکومەتی هەرێم ئۆفیسی رادیۆ و تەلەفزیۆنی (NRT) داخست بەهۆی روماڵی کەناڵەکە بۆ خۆپیشاندانەکان.

لە ناوەڕاستی مانگی شوباتیشدا، لە دادگای هەولێر دادگایی پێنج رۆژنامەنووس و چالاکوانی بادینان بەڕێوەچوو، کە تیایدا بەپێی هەردوو ماددەی یەکی ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ تایبەت بە هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی سزای شەش ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا.

نەورەس غەریب