سەردێڕ:

لەسەر بودجە و موچە؛ حکومەتی هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

دوای کۆبوونەوەی حکومەت
فۆتۆ: 
2021-06-23

32196 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی راگەیەنراوی حکومەتی هەرێم، "وەزیری دارایی روونکردنەوەی لەبارەی ژمارە و داتاکانی تایبەت بە داهات و خەرجی و کورتهێنانی ناو بودجەی هەرێمی کوردستانی بۆ ساڵی ٢٠٢١ خستووەتەڕوو."


ئەمڕۆ چوارشەممە، حکومەتی هەرێمی کورستان کۆبووەوە و لە راگەیەنراوێکدا ئەوە هاتووە، "لە کۆبوونەوەکەدا ئاوات جەناب وەزیری دارایی روونکردنەوەی زیاتر و پێویستی لەبارەی ژمارە و داتاکانی تایبەت بە داهات و خەرجی و کورتهێنانی ناو بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١ خستەڕوو."

لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، "بڕیارماندا وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانان و سامانە سرووشتییەکان کۆبوونەوە لەگەڵ لیژنە تايبەتمەندەکان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدەن."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "کۆبوونەوەکە بۆ پێدانی بەرچاو روونی زیاتر و هێنانەدی لێکتێگەیشتنێکی هاوبەشە لە نێوان حکومەت و پەرلەماندا، بۆ ئەوەی پڕۆژەیاسایەکی شەفاف و گشتگیر ئامادەبکرێت و دوای پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بنێردرێت بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدان لەسەری."

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە دوای ٢٠١٣ەوە حکومەتی هەرێم پرۆژەیاسای بودجەی نییە و رەوانەی پەرلەمانی نەکردووە تا پەسەندبکرێت و بەرچاو روونی پێویست بەرامبەر داهات و خەرجییەکان نییە.

چەندینجار فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن داوایان کردووە حکومەتی هەرێم بڕۆنە پەرلەمانی کوردستان و روونکردنەوە بدەن لەسەر داهاتەکانی بەردەستیان، لەکاتێکدا ئێستا داهاتی خاڵە سنورییەکان بەرزبووەتەوە و نرخی نەوت و دۆلار لە بەرزیدایە، بەڵام لێبڕینی موچە بەردەوامی هەیە.

ئـ. بـ