شای ئوردن پێشوازیی لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەکەش سەرۆکی هەرێم رایگەیاند، لەگەڵ شا عەبدوڵا کاری هاوبەش و ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە و پرسە هاوبەشەکانیان باسکردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شاژن عەلیای عەممان و لەلایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە پێشوازیی لێکرا، دواتر چووە کۆشکی تایبەتی شای ئوردن و لەلایەن شا عەبدوڵاوە پێشوازیی لێکرا و کۆبوونەوە.
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شای ئوردن لە تویتەری خۆی نوسیوویەتی، خۆشحاڵبووە ئەمڕۆ لە عەممان لەگەڵ شا عهبدوڵاى دووهم کۆبووەتەوە و لەگەڵ شا عەبدوڵا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و ئوردنیان تاوتوێکردووە.
سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ شا عەبدوڵا کاری هاوبەش و ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە و پرسە هاوبەشەکانیان باسکردووە.
ئەوەش لەکاتێکدا، رۆژی ١٢ی مانگ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم لەسەر بانگهێشتی فەرمی شێخ محەمەد بن زائید جێنشینی ئەبوزەبی سەردانی ئیماراتی کرد و لەگەڵ شازادەی جێنشینی ئیمارات کۆبووەوە.
ئـ. بـ