سەردێڕ:

لە حکومەتی عێراقەوە؛ کاتی هاتنی پارەکەی هەرێم ئاشکراکرا

باس لە نەمانی لێبڕینی موچە دەکات
فۆتۆ: 
2021-06-23

185430 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی چاوگێکی حکومەتی عێراق، لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا ئەو بڕە پارەیەی بۆ هەرێم تەرخانکراوە دەگاتە هەرێم، دەشڵێت، مەبەستی ناردنی پارەکە ئەوەیە لە هەرێم لێبڕینی موچە کۆتایی پێبێت.


چاوگێک لە حکومەتی عێراق بە ئێن ئاڕ تی وت، لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا ئەو بڕە پارەیەی بۆ هەرێم تەرخانکراوە دەگاتە هەرێم، دەشڵێت، ناردنی ئەو بڕە پارەیەی لە بەغدا دەینێرێت پەیوەندی بە رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداوە نییە، بەڵکو لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە داوای ئەو بڕە پارەیە کراوە وەک سولفەیەک و پاش جێبەجێکردنی ماددەی ١١ی یاسای بودجە ئەو بڕە پارەیە لە پشکی هەرێم دەبڕدرێت.

چاوگەکەی حکومەتی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ ئەوەیە، کە لێبڕینی موچە کۆتایی پێبێت و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان موچەکانیان بە تەواوی وەربگرن.

رۆژی ١٥ی ئەم مانگە، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هەرێم رایگەیاند، لەگەڵ بەغدا رێککەوتوون بەشە بودجەی هەرێم بگەڕێنرێتەوە.

١٢ی مانگیش، رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی و وەبەرهێنان لە تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، "ئەگەر بەغدا پارەش بنێرێت ناتوانین بڵێین ١٠٠٪ لێبڕینی موچە کۆتایی پێ دێت"، دەشڵێت، "بەپێی داهاتی بەردەستی خۆمان و پارەکەی بەغدا بڕیار لەسەر موچە دەدەین بێ لێبڕین."

ماوەی زیاتر لە دوو مانگە، بودجەی عێراق پەسەندکراوە، پشکى هەرێم لە بودجەی عێراق بە ١٢.٦٧٪ دیارییکراوە، لە بەرامبەردا، حکومەتى هەرێم پابەندکراوە بە رادەستکردنى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە نرخى سۆمۆ لەگەڵ رادەستکردنى نیوەی لە داهاتی خاڵە سنورییەکان، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک لە بەغداوە نەهاتووە بۆ هەرێم.

ئومێد محەمەد، بەغدا

ئـ. بـ