سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتوو رایگەیاند، "ئێستا هەرێمی کوردستان لە بارودۆخێكی ئاڵۆزی قەیراناوی و دواكەوتووی وەهادایە، كە چاوەڕوانی ئایندەیەكی ئومێدبەخشی لێناكرێت."
هادی عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە فەیسبوک باسی لەوەشکردووە، "دەستەبژێر و سەركردایەتی كوردی بە درێژایی دەیان ساڵی رابردوو بەهۆی شۆڕش و روبەڕوبونەوە چەكدارییەكانەوە، ئەوەندەی فێری هونەری مردن و وێرانسازی بوون، فێری هونەری ژیانسازی و بیناكردن نەبوون."
هادی عەلی باسی لەوەشکردووە، "ھەر لەبەر ئەوەیە دوای نزیكەی ٣٠ ساڵ حكومڕانی سەربەخۆ و ئیدارەی خۆیی، سەرکردایەتی کورد نەیانتوانی ئەو هەموو دەرفەت و ئیمكاناتەی كە لە بەردەست بوو بە شێوەیەكی دروست لە پڕۆسەیەكی نیشتیمانسازی هاوچەرخدا بەكاربهێنن."
ئەوەش لەکاتێکدایە، ٣٠ ساڵ بەسەر دەسەڵاتدارییەتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستاش هەمان کێشەکانی ساڵانی سەرەتای دەسەڵاتدارییەتی کوردی چارەسەر نەکراوە، کە خۆی لە دابنیکردنی ئاو، کارەبا و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکاندا دەبینێتەوە و ماوەی چەند ساڵێکیشە حکومەت بە ناوی لێبڕین و پاشەکەوتەوە موچەی فەرمانبەران بە تەواوی دابەشناکات، کە ئەوەش ناڕەزایەتییەکانی ئۆپۆزسیۆن و هاوڵاتیانی زیاتر کردووە.