سەردێڕ:

مژدە مەحمود: پارتی و یەکێتی وەک مافیا مانگانە سەدان ملیۆن دۆلاری ئەم وڵاتە دەدزن

فۆتۆ: 
2021-06-23

2531 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ رایگەیاند، "پارتی و یەکێتی لە ئێستادا وەک مافیا مانگانە سەدان ملیۆن دۆلاری ئەم وڵاتە دەدزن و موچەیەکیش بەموچەخۆران رەوا نابینن."


مژدە مەحمود ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە فەیسبووک بابەتێکی بە ناوی "دەسەڵاتێکی چەتە" بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "ئاخر گەر چەتە نەبن بەس داھاتی نەوت نیوەشی بدزن نیوەکەی تری بەشی موچە دەکات، ئەی داھاتی ناوخۆ و خاڵە سنوریەکان و پارەی ھاوپەیمانان."

مژدە مەحمود ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەو ھەموو داھاتەوە تەنانەت موچەی موچەخۆران نادەن، کە ٣٠ رۆژ لەبەرامبەر ئەو موچەیە دەوام دەکات؟"

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "پارتی و یەکێتی لە ئێستادا وەک مافیا مانگانە سەدان ملیۆن دۆلاری ئەم وڵاتە دەدزن و موچەیەکیش بەموچەخۆران رەوا نابینن، چونکە پێیان وایە خەڵک بێدەنگە و قسەناکات."

پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ راشیگەیاندووە، "پارتی و یەکێتی دڵنیابن بێدەنگی خەڵک تاسەر نیە و دەکەونە بەرشەقی ئەو خەڵکە و ھەموو دزیەکانتان لە قوڕگ دەردێنێتەوە."

ئەوەش لەکاتێکدایە، ٣٠ ساڵ بەسەر دەسەڵاتدارییەتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستاش هەمان کێشەکانی ساڵانی سەرەتای دەسەڵاتدارییەتی کوردی چارەسەر نەکراوە، کە خۆی لە دابنیکردنی ئاو، کارەبا و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکاندا دەبینێتەوە و ماوەی چەند ساڵێکیشە حکومەت بە ناوی لێبڕین و پاشەکەوتەوە موچەی فەرمانبەران بە تەواوی دابەشناکات، کە ئەوەش ناڕەزایەتییەکانی ئۆپۆزسیۆن و هاوڵاتیانی زیاتر کردووە.

چەندینجار فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن داوایان کردووە حکومەتی هەرێم بڕۆنە پەرلەمانی کوردستان و روونکردنەوە بدەن لەسەر داهاتەکانی بەردەستیان، لەکاتێکدا ئێستا داهاتی خاڵە سنورییەکان بەرزبووەتەوە و نرخی نەوت و دۆلار لە بەرزیدایە، بەڵام لێبڕینی موچە بەردەوامی هەیە.