سەردێڕ:

ساڵێک بەسەر بڕیاری لێبڕینی موچەدا تێپەڕی

فۆتۆ: 
2021-06-23

2634 جار خوێندراوەتەوە

لە٢٠١٤ بۆ ٢٠٢٠ ، ماوەی شەش ساڵ حکومەتی هەرێم بەبێ یاسا و ناوهێنانی فەرمی ، پێنەدان و دواخستن و لێبڕینی مووچەی پەیڕەو دەکرد. بەڵام ساڵێک پێش ئێستا و لە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەرێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبویەوە ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەی لەماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێم بڵاوکردەوە کەتایدا هاتبووە، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و کەمبونەوەی داهات و نەهاتنی پارە لە بەغداوە ، حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بە لێبڕینی ٢١٪ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.


لە بڕگەی دووەمی بڕیارەکەدا هاتووە کە میکانیزمی لێبڕینی مووچە،کاتی یە و تەنها بۆ یەک مانگە ، بەڵام وا ساڵێک و چەند رۆژێک تێپەڕی ، کەچی هێشتا ئەو یەک مانگەی حکومەتی هەرێم تەواو نەبووە و ئەم بەڵێنەشی وەکو هەموو بەڵێنەکانی تر جێبەجێ نەکردووە.

لەئێستادا بیانووەکانی لێبڕینی مووچە نەماون ، کاتێک بڕیاری لێبڕینی مووچە درا ،نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاونزیکەی ٣٣ دۆلاربووە و داهاتی نەوتی لە نزیکەی ٤٤٥ ملیۆن دۆلاربووە ،بەڵام لە ئێستادا نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاو بۆ زیاتر لە ٧٣ دۆلار بەرز بووەتەوە و نزیکەی ٧٧٪ زیادی کردووە و داهاتی نەوتی لە مانگێکدا بۆ زیاتر لە ٩٨٥ ملیۆن دۆلار زیادی کردووە .ئەوە جگە لەوەی  داهاتی نەوتیش بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارەوە لە ١١٩ هەزارەوە بۆ ١٤٥ هەزار ، ١٨٪ زیادی کردووە و بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک ٢٦ هەزار دینار زیادی کردووە.

بەهۆی لێبرینی مووچەوە ، لە ماوەی ساڵێکدا حکومەتی هەرێم بڕی زیاتر لە دوو ترلیۆن و ٢٥٠ ملیاردیناری بۆ ماوەتەوە بەبێ ئەوەی چارە نووسی ئەو پارانە دیار بێت .

بەپێی سۆراخی ئێن ئاڕتی ،داهاتی نەوتی و نانەوتی مانگی ڕابردووی هەرێم ، یەک ملیار و ٢٤٣ ملیۆن دۆلار بووە، بەشی دوو مووچە بەبێ لێبڕین و نزیکەی ١٣ ملیار دیناریشی لێدەمێنێتەوە . کەچی حکومەت بە بیانووی جیاجیا مووچە بە لێبڕینیش لەکاتی خۆیدا دابەش ناکات.