سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، "ئەگەر سەرانە وەرنەگیرێت لیتری بەنزین دەتوانرێت بکرێت بە ٥٠٠ تا ٥٥٠ دینار"، دەشڵێت، "چەند تەنکەرێک بەنزینیان هێناوە و بە ٥٠٠ دینار دەیدەن بە خەڵک و تەحەدای دەسەڵات دەکەن، کە تەنکەری بەنزین چەندی تێدەچێت ئەگەر سەرانە وەرنەگیرێت."
شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کۆنفرانسی رۆژنامەنوسی لەسەر نرخی بەنزین ئەنجامدا و دەڵێت، "پاڵاوگەکانی ناوخۆ نرخی تەنی بەنزینیان کردووە بە ٦٤٠ دۆلار و دوو پاڵێوگەکەی هەرێم موڵکی خەڵکن کەچی کۆمپانیاکانی یەکێتی و پارتی بەکاریدەهێنن."
باسی لەوەشکرد، "لە هەر لیترێک بەنزین ٢٠٠ دینار سەرانە وەردەگیرێت و لیتری بەنزین لە پاڵاوگەکانی ناوخۆ ٢٠٠ دیناری تێدەچێت دەیفرۆشن بە ٧٥٠ دینار."
شاسوار عەبدولواحید راشیگەیاند، "لە زەوییەکی نزیک لە چاڤی لاند بە عەداد بەنزین دەفرۆشن بە ٥٠٠ دینار"، دەشڵێت، "لەگەڵ بەنزینخانەکان قسەکراوە بەڵام پەشیمان کراونەتەوە کە بەنزینەکە لەڕێگەی ئەوانەوە بفرۆشرێت."
شاسوار عەبدولواحید ئاماژەی بەوەشکردووە، بەنزینەکە هەموو پشکنینەکانی بۆ کراوە و هیچ کێشەیەک لە کوالێتییەکەیدا نییە.
وتووشییەتی، "پێمان باشە ھاوپەیمانیمان لەگەڵ ھێزەکانی دژی پارتی و یەکێتی ھەبێت"، وتووشییەتی، "ھیوادارم مەیدانەکە یەکلابێتەوە بەجۆرێک ھێزەکانی پارتی و یەکێتی و ھاوپەیمانەکانیان لەلایەک و بەرەی دژی ئەوانیش لەلایەکی دیکە بێت."
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ راشیگەیاندووە، "ئەگەر ئێمە موزایەدە دەکەین، ھیوادارم سیاسییەکانی دیکەش وەک ئێمە موزایەدە بکەن و نرخ ھەرزانبکەن."
ئەمەش لەکاتێکدایە ماوەیەکە، نرخی بەنزین بەشێوەیەکی بەرچاو لە هەرێمدا بەرزبووەتەوە کە قۆناغ بە قۆناغ ئەو بەرزبوونەوەیە روویدا.
بەجۆرێک، لە رابردوودا نرخی لیترێک بەنزین لە جۆری نۆرماڵ لە نێوان ٤٥٠ تا ٥٠٠ دیناردا بوو، بەڵام ئێستا نرخی یەک لیتر بەنزین لە جۆری نۆرماڵ بۆ ٧٥٠ دینار بەرزبووەتەوە.