وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پابەندین بە دابەشکردنی موچە لە ۳۰ رۆژ جارێکدا، دەشڵێت، "پلانی باشمان ھەیە کە ئاستی بژێوی خەڵک باشتربکەین."
جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "وەک حکومەتی هەرێم پابەندین بە دابەشکردنی موچە لە ۳۰ رۆژ جارێک"، دەشڵێت، "حکومەتی ھەرێم لە ناچاریدایە کە بە لێبڕینەوە موچە دابەش دەکات."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "پلانی باشمان ھەیە کە ئاستی بژێوی خەڵک باشتربکەین"، دەشڵێت، "ئەگەر دۆخی دارایی باش بێت بەبێ لێبڕین موچە دابەش دەکەین."
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە، "لەم چەند رۆژەدا وەزارەتی دارایی لیستی موچە رادەگەیەنێت."
باسی لەوەشکردووە، "ھیوادارم ئەم قەیرانەی لە ئێستادا ھەرێمی کوردستانی تێکەوتووە رزگارببێت، موچە بە تەواوی دابەشبکەین و خزمەتگوزارییەکان بەردەوام بێت."
جوتیار عادل وتووشییەتی، لە رێگەی پرۆژەیەکەوە وەڵامی پرسیاری هاوڵاتییان دەدەینەوە و هاوڵاتییان دەتوانن پرسیارمان ئاراستەبکەن و وەڵامیان دەدەینەوە
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ئێستادا داهاتی خاڵە سنورییەکان زیادیکردوە و نرخی نەوت و دۆلار بەرزبوونەتەوە بەجۆرێک داهاتى مانگانەى حکومەت زیاترە لە ملیارێک و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار کە ئەوەش زیاترە لە موچەى مانگێکى تەواوى موچەخۆران بەبێ لێبڕین، بەڵام حکومەتى هەرێم هەر بەردەوامە لە لێبڕینی موچە.
لە ماوەکانی رابردووشدا، چەندینجار فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن داوایان کردووە حکومەتی هەرێم بچێتە پەرلەمانی کوردستان و روونکردنەوە بدات لەبارەی داهاتەکانی هەرێم."