سەردێڕ:

پەروەردە و پۆلیس لەبارەی دزەپێکردنی پرسیاری تاقیکردنەوەکانەوە روونکردنەوە دەدەن

فۆتۆ: 
2021-06-24

6551 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی وتەی پەروەردەی سلێمانی، چەند خوێندکارێک دزەیان بە پرسیاری تاقیکردنەوەکان کردووە و دەستگیرکراون و پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت، "لەسەر دزەپێکردنی پرسیاری تاقیکردنەوەکان کەسمان دەستگیرنەکردووە."


تریفە عەبدوڵا بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، "١٠ خوێندکار بەهۆی دزەپێکردنی پرسیاری تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ دەستگیرکراون."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "دزەپێکردنەکە لەلایەن قوتابیانی چوار قۆناغەوە بووە و پرسیاری وانەکانی کوردی و زانستن کە دزەیان پێکراوە."

چاوگێک لەسەر رووداوەکە ئەوەی بە ئێن ئاڕ تی وت، رووداوی دزینی پرسیارەکانی لە دوو قوتابخانەی شاری سلێمانی بووە و تیایدا، پرسیاری تاقیکردنەوەکانی کۆتایی پۆلە ناکۆتاکانی (٧، ٨، ١٠، ١١)ی وانەکانی (کوردی و زانست) دزەیان پێکراوە.

هاوکات، ئێن ئاڕ تی پەیوەندی بە سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانییەوە کرد و وتی، "ئێمە هیچ کەسێکمان لەسەر دزەپێکردنی پرسیاری تاقیکردنەوە دەستگیرنەکردووە و بابەتەکە لە ئێستادا پەیوەندی بە پەروەردەوە هەیە و رادەستی ئێمە نەکراوە."